تەندروستی, عێراق

مەسرور بارزانی: "سوپاسی پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی دەکەم"

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "سوپاسێکی گەرمی هەموو پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی دەکەم کە رۆژانە رووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییان".

Sarmand Hameed  | 21.09.2020 - نوێکردنەوە : 22.09.2020
مەسرور بارزانی: "سوپاسی پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی دەکەم"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی دامودەزگا حکوومییەکان و نرخاندنی کۆشش و ماندووبوونەکانی کارمەندانی تەندروستی، لە شاری هەولێر سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی سەردانەکەیدا مەسرور بارزانی بەشەکانی سەنتەری فریاکەوتن و بانکی خوێنی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە کێشە و خواست و داواکارییەکانیانی کۆڵییەوە و سوپاسی ماندووبوون و شەونخونی سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان هەیە، بەتایبەتی لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

پاشان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کورد لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دەدات.

مەسرور بارزانی لەسەرەتای قسەکانیدا گوتی: "خۆشحاڵم ئەمڕۆ سەردانی سەنتەری هەماهەنگیی فریاکەوتن (122) و بانکی خوێنمان کرد. هەروەک دەزانن کەرتی تەندروستی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە و ئێمە زۆر مەبەستمانە گرنگییەکی زۆر بە کەرتی تەندروستی بدەین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتر بە هاووڵاتییانی خۆشەویست بگەیەنین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "وەک هەموو کەرتەکانی تر بەداخەوە بەڵام ئەم کەرتە ژێرخانێکی تەندروستیی لە سەر بنەمای ستانداردی جیهانی لە کوردستان تا ئێستا بوونی نەبووە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین لە گەڵ وەزارەتی تەندروستی و پسپۆڕەکان بۆ ئەوەی بتوانین گەشە بەم کەرتە بدەین تا بتوانن زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین. من لێرەوە دەمەوێ سوپاسێکی گەرمی هەموو پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندانی تەندروستی بکەم . چ ئەوانەی لەم سەنتەرانە ئیش دەکەن یان ئەوانەی رۆژانە رووبەڕووی مەترسیی دەبنەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی هاووڵاتییان، بە تایبەتی ئێستا کە رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووین. بەداخەوە هەندێک لە پزیشک و فەرمانبەرانیش گیانیان لە دەستداوە".

مەسرور بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "سوپاسێکی بێ پایانی هەموو ئەو پزیشک و ئەو فەرمانبەرانە دەکەم کە لە هێڵی پێشەوەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە. داوا لە هەموو هاووڵاتییانیش دەکەم لە پێناو سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان، خۆیان بپارێزن".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "ئێمە لە حکوومەت ئەم ماوەیە بۆ کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و ئامێری پێویست، نزیکەی ٢٣ ملیار دینارمان خەرج کردووە بۆ دابینکردنی سیتی سکان و ئێم ئاڕ ئای و ئەو پێداویستییە پزیشکییانەی کە نەخۆشخانەکان پێویستیان پێی هەبووە . هەروەها ٤٠ ملیار دیناریش بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەلایەن حکوومەتەوە تەرخان کراوە کە بێگومان کاریگەریی هەبووە لە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە. لەم ماوەیەی کە پەتای کۆرۆناش هاتووەتە کوردستان زیاتر لە ٤٥ ملیار دینار لەلایەن حکوومەتەوە لە هەموو شارو شارۆچکە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو پەتایە ببینەوە . ئەوەی لە سەر ئێمەیە بێگومان درێخی ناکەین و دەیکەین بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستیمان بە هاوکاری و خۆپاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پاراستنی خۆیان و کەسوکاریان و ئەو پزیشک و فەرمانبەرە ئازیزانەی کە لە خزمەتی ئەواندان".

مەسرور بارزانی لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە سوپاسی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کرد و گوتی: "سوپاسی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆشەویستدان. هیوای سەرکەوتن و تەندروستییەکی باش بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن