Sarmand Hameed
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
هەولێر - AA
بەئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی حکوومی، دوو کابینەی پزیشکیی بۆ پشکنینی کۆرۆنا لە ھەریەک لە پارکی باخی شار لە ناوەڕاستی شار و پارکی سامی عەبدولڕەحمان کرایەوە، کە تیایدا پشکنینی کۆرۆنا بەبێ بەرامبەر بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدرێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، پشکنینەکە لە لایەن دەستەیەک لە کارمەندی راھێنراوی تاقیگەی و پزیشکی تایبەتەوە دەکرێت و لە ئەمڕۆ سێشەممەوە پشکنین بۆ ھاووڵاتییان دەستی پێکردووە و ھەر ھاووڵاتییەک یان گەشتیارێک دەتوانێت سەردانی ئەو کابینە پزیشکیانە بکات و بەبێ بەرامبەر پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامبدات.
جێگەی باسە، لە رێگای ئەم دوو کابینەیەوە رۆژانە دەتوانرێت ھەزار تا دوو ھەزار پشکنین ئەنجامبدرێت و ھاووڵاتییان تەنھا بە پێشکەشکردنی ناسنامەیەک و ژمارەیەکی مۆبایلەکەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەنجامەکەیشی لە رێگەی سەنتەری داتا و زانیاری سەربە وەزارەتی تەندروستیی وەردەگرێتەوە.