Hawkar Yaseen
03 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٢٣٥ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە دهۆک بووە بە ٤٧٣ تووشبوو، ٤٥٣ لە هەولێر، ٢١٠ لە سلێمانی، ٤٢ لە گەرمیان، ٤٠ لە پارێزگای هەڵەبجە و لە دەڤەری راپەڕینیش ١٧ تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٠٤ کەس لە دهۆک، ١١٤ کەس لە هەولێر، ٢٩ کەس لە گەرمیان و ٢١ کەسیش لە هەڵەبجە کۆرۆنایان تێپەڕاندووە و چاکبوونەتەوە و لە میانی یەک مانگیشدا لە سلێمانی پێنج هەزار و ٩٦٨ تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٣ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە حەوت کەس، شەش کەس لە سلێمانی، چوار کەس لە گەرمیان، دوو کەس لە دهۆک، دوو کەس لە راپەڕین و دوو کەسیش لە هەڵەبجە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، ٦٦٦ هەزار و ٩٣٧ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ٧٩ هەزار و ٤٥١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا ٥٠ هەزار و ٢٩٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٦ هەزار و ٦٢٥ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاندووە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان دوو هەزار و ٥٣٢ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.