Hawkar Yaseen
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان 29 هەزار کەسی تێپەڕاند ژمارەی تووشبووان لە دهۆک لە هەڵکشانی بەردەوامدایە.
لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا لە هەرێمی کوردستان 595 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکرا، بەرزترین رێژەیان لە دهۆکە بە 231 تووشبووی نوێ، لە هەولێرە 189 تووشبوو، لە سلێمانی 112 و لە گەرمیان 33 کەس و لە پارێزگای هەڵەبجە-ش 30 تووشبووی نوێ تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 471 تووشبووی کۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا چاکبوونەتەوە، بەرزترین رێژەیان لە هەولێرە بە 267 کەس و لە دهۆک 109 کەس و لە سلێمانی 31 کەس و لە گەرمیان 37 و لە هەڵەبجەش 27 تووشبووی کۆرۆرنا چاکبوونەتەوە.
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردووشدا لە هەرێمی کوردستان 24 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەرزترین رێژەیان لە هەولێرە بە 10 کەس و شەش کەس لە سلێمانی و پێنج کەسیان لە دهۆک و سێ کەسیش لە دەڤەری راپەڕین.
بەپێی ئاماری گشتی وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان، 29 هەزار و 347 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 18 هەزار و 520 کەسیان چاکبوونەتەوە و نۆ هەزار و 729 کەسیش بۆ چارەسەرکردنیان چاودێری تەندروستیان لەسەرە.
تاوەکو ئێستاش لە هەرێمی کوردستان هەزار و 98 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.