لە دهۆك حاڵەتێکی گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەیە
دهۆك - AA
گه‌نجێك بەگومانی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون له دوێنى شه‌وه‌وه له نه‌خۆشخانه‌يه‌كى دهۆك خراوەتە ژێر چاودێریی پزیشکیی و پشکنینی بۆ کراوە و بۆ سه‌ڵماندنى حاڵەتەکەش، پشکنینەکەی رەوانەی تاقیگەی ناوەندیی بەغدا کراوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری تەندروستیی زاخۆ، شاکر عەبدولرەحمان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسى ئانادۆلۆ رايگەیاند "كاتژمێر نۆى شه‌وی رابردوو ئەو کەسەی گومان دەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون ببێت، دوای گرتنەبەری چەند رێوشوێنێک لە زاخۆوە رەوانەی دهۆک کرا".
لەلایەن خۆیەوە به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى كۆرۆنا له دهۆك، هه‌كار مسته‌فا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسى ئانادۆلو گوتی: "له نه‌خۆشخانه‌ى لالاڤ پشكنينمان بۆ ئه‌و گه‌نجه كردووه كه خه‌ڵكى كۆمه‌ڵگاى خانه‌سووره سه‌ربه قه‌زاى شنگال، خۆى كرێكاره و پێش سێ هه‌فته ئاژه‌ڵيكی بەبێ رێنمايى ته‌ندروستیى سه‌ڕبريوه، بۆيه هه‌ندێك نيشانەى تاى خوێنبه‌ربوونی بۆ په‌يدابووه وه‌كو سه‌رئێشان و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمای جەستە".
گوتیشی: "ئێستا ئه‌و نه‌خۆشه له‌ژێر چاودێریی چڕی پزيشكيداوه له ژوورێكى تايبه‌تى نه‌خۆشخانه و پشكنينى ته‌واوى بۆ كراوه و ئه‌نجامى پشكنينه‌كانى ره‌وانه‌ى به‌غدا كراوه و ئێمه‌ش بۆ پشتراستكردنه‌وه‌ى هه‌بوونى ئه‌و ڤايرۆسه چاوه‌رێى پشكنينه‌كان ده‌كه‌ين، تا ئەنجامی پشکنینی لە بەغدا نەگەڕێتەوە ناتوانین بڵێین تووشبووە".
هه‌كار مسته‌فا رێنمايی هاووڵاتییان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى تووشى نه‌خۆشییه ترسانه‌كه‌كان نه‌بن و لەمبارەیەوە گوتی: "باشتره دوور بكه‌ونه‌وه له كڕینى ئه‌و گۆشت و ئاژه‌ڵانه‌ى به‌شێوه‌ى نایاسایی و ناته‌ندروست له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌فرۆشرێن، چونكه هیچ پشكنینێكى ڤێرتەنه‌رى بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه ناكرێت و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ندروستى هاووڵاتییان دروست ده‌كات".
لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا تەنها یەک حاڵەتی تووشبوون بە پەتای تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە کە کەسێکە لە شاری هەولێر و پیشەی گۆشتفرۆشە.
ئەمڕۆ ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢ وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراوی دانیشتووی شنگال لە شاری زاخۆ بەسەرەتایی دەستنیشانکراوە و رەوانەی شاری دهۆک کراوە، بەهۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تا ئێستا و تا رادەیەک باری تەندروستی جێگیرە و چارەسەرکردنی بەردەوامە، وێڕای بوونی حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی پێشووی شاری هەولێر کە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و رێکاری پێویست رەوانەی ماڵەوە کراوە.