Heman Hussein Yaseen
19 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2022
هەولێر - AA
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکەی هەڵدەگرێت لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناکەوێت، بەڵام لە مرۆڤدا نیشانەکان دەردەکەون و تا ئێستاش چەند حاڵەتێک لە عێراق و حاڵەتێکیش لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوە دەکات کە لە عێراق بۆ یەکەمجار ئەم نەخۆشییە لە ساڵی ١٩٧٩ دۆزرایەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشێک و دوو کارمەندی تەندروستی، ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکان، پێویستە کەسی تووشبوو سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت.
دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی تای خوێنبەربوون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تای خوێنبەربوون نزیکەی ٢٥ ڤایرۆسە، ئەو جۆرەی لەلای ئێمە بوونی هەیە پێی دەڵێن 'crimean congo hemorrhagic fever' کە لە رێگای گەنە یان قڕنە دەگوازرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی لەسەدا ٧٠ی ئەم نەخۆشییە بە رێگای گەنە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناکەوێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ ئاژەڵەکە سەردەبڕێت یان بەخێوی دەکات لە رێگای ئەو گەنەیەوە دەگوازرێتەوە".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەوە گوتی: "نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتیین لە تا، بێهێزی، ژانەسەر، بێتاقەتی، رشانەوە و ئازاری جەستە، دواتر نیشانەکان دەگۆڕدرێن و نیشانەکانی خوێنبەربوون دەست پێ دەکات بەجۆرێک لەژێر پێست پەڵەی شین دەردەکەوێت، رەنگی میز خوێناوی دەبێت و دواتریش لە لووتی خوێنپژان روودەدات، چاوەکانی سوور هەڵدەگەڕێن و هەرچی بۆشایی ناو لەشی هەیە خوێنی تێدەزێت".
دکتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەخۆشییە لە رێگای هەواوە ناگوازرێتەوە بەڵکو لە رێگای خوێن و شلەکانی دیکەی لەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەوە دەگوازرێتەوە.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین باس لەوەش دەکات کە ئەم نەخۆشییە پێش ٤٢ ساڵ بۆ یەکەمجار لە عێراق دەست نیشان کراوە و لەمبارەیەوە دەڵێت "ئەم نەخۆشییە لە عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩دۆزرایەوە، کاتێک ئافرەتێکی دووگیانیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی یەرمووک لە بەغدا، دوای دوو رۆژ ئافرەتەکە گیانی لەدەست دا، دوو رۆژ دواتر پزیشکێک و پەرستارێک لە هەمان نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا و دواتر شەشی کەسی دیکەش تووشبوون، واتا ئەو ساڵە ١٠ کەس تووش بوون، ئیتر لەم ساڵە بەدواوە ئەم نەخۆشییە لە عێراق بڵاوبووەوە".
گوتیشی: "لە ساڵی ١٩٨٩ من بۆخۆم ئەو نەخۆشەم بینیووە لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، لەوکاتەوە تا ئێستا ١١ حاڵەتمان هەبووە لە ساڵی ٢٠١١ سێ حاڵەتمان هەبوو کە هەر سێ حاڵەت چاکبوونەوە، بەگشتی توێژینەوەکان دەڵێن رێژەی مردن لەم نەخۆشییە لەسەدا ١٠ بۆ سەدا ٤٠ دەبێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە رێژەی مردن لەسەدا ٣١ دەست نیشان کراوە".
دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە وەک قەسابەکان و ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، زیاتر مەترسی تووشبوونیان هەیە، بۆیە قەسابەکان دەبێت دەستەوانە، جلوبەرگ و پێڵاوی تایبەت بەکاربهێنن، هەروەها چاویلکەش بەکاربهێنن، چونکە ئەگەر لەکاتی وردکردنی گۆشتەکەدا پارچەیەکی بچووک لە گۆشتەکە بپەڕێتە نزیک چاو، ئەوا ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو چاو و تووشی نەخۆشییەکە دەبێت".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین گوتی: "پێشتر لە گوندەکان حەوزی تایبەت هەبوو کە دەرمانی تایبەتی تێدەکرا و ئاژەڵەکان بەناویدا دەرۆیشتن و هەرچی گەنە هەبوو ئەو دەرمانە دەیکوشت، ئێستاش عێراق بەنیازی دووبارەکردنەوەی هەمان بەرنامەیە، ئەو دەرمانە هەیە، بەڵام خەڵک کەمتر بەکاری دەهێنێت، بە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە رێژەی ئەم ڤایرۆسە دادەبەزێت".
دکتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوەش دەکات کە وا باشترە گۆشتی ئاژەڵ راستەوخۆ نەخورێت بەڵکو لەناو ساردکەرەوە دابنرێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەهۆی کوڵانەوە راستەوخۆ ڤایرۆسەکە لەناودەچێت و گوتی: "وا باشترە کە ئەو گۆشتەی دەیکڕین راستەوخۆ نەخورێت، بەڵکو لە بەفرگر هەڵبگیرێت لە چوار تا هەشت پلەی سەدی، ئینجا دوای ٢٤ کاتژمێر بخورێت، هەرچەندە ڤایرۆسەکە بە کوڵاندنی ١٠٠ پلەی سەدی لەناو دەچێت، بەڵام باشتر وایە گۆشت راستەوخۆ نەخورێت".
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی کاتی سەرهەڵدان و نەمانی ئەم ڤایرۆسەوە گوتی: "ئەوەی پێشتر بینیوومانە ئەم ڤایرۆسە لە وەرزی هاوین دەردەکەوت لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول، بەڵام ئەو حاڵەتەی ساڵی ٢٠٢٠ لە هەولێر هەبوو لە مانگی نیسان بوو، پێدەچێت گۆڕانی ئاووهەوا بووبێتە هۆی گۆڕینی وادەی دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە".
دکتۆر سەیفەددین محێددین بە پێویستیشی دەزانێت کە شوێنە نایاساییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ نەهێڵدرێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تیمەکانییان دەستیان کردووە بە پشکنینی شوێنەکان و گوتی: "دەبێت شوێنی سەربڕینی نایاسایی دابخرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی چاودێریی تەندروستیی خۆراک لە پێش جەژنەوە دەستیان بە پشکنین کردووە کە ئاژەڵ لە گەڕەکەکان سەر نەبڕدرێت و چاودێری دوکانی گۆشتفرۆشییەکانیش دەکرێت".