Heman Hussein Yaseen
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2023
هەولێر - AA
ئاژەڵدارانی بازاڕی ئاژەڵان لە شاری ھەولێر ماوەیەکی زۆرە ئاژەڵەکانیان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەن و چەند رۆژێکیش بەرلە هاتنی جەژنی قوربان بە دەرفەتی دەزانن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانییان بفرۆشن، ئاژەڵداران ئاماژە بەوە دەکەن کە بوونی تای خوێنبەربوون، هەروەها تێچووی زۆری باج و رسوماتی گومرک کاریگەری لەسەر بازاڕەکەیان دروستکردووە.
ئاژەڵفرۆش حاجی رەفیق دەڵاڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمساڵ بازاڕ بە گشتی گرانە، نرخی قەسابیش گرانە، ئێستا لە دوکانی خۆمان نرخی یەک کیلۆ جوانەگا دەکڕین بە ھەشت هەزار دینار، لەلایەک خواست لەسەر گۆشت زۆرە، لەلایەکی دیکە رێنماییەکانی قایمقامیەت کاریگەری خراپی کردە سەر بازاڕ و داوا دەکەین چاوێک بە بڕیارەکەدا بخشێنرێتەوە چونکە لەماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرەی جەژنی قوربان ئەو ھەموو خەڵکە ناتوانێت ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ سەریانبڕن، چونکە ھەر دوای نوێژی جەژن رەنگە پێنج ھەزار ئاژەڵ لە ھەولێر سەر ببڕێت، ئەو ھەموو ئاژەڵە ناتوانرێت بچێتە سەربڕخانە، من بۆخۆم چەند ساڵە قوربانی دەکەم، ئەگەر لە ماڵی خۆم نەبێت، نایکەم".
حاجی رەفیق دەڵاڵ گوتیشی: "خەڵک ھەیە ئاژەڵی کڕیووە و بەهۆی رێنماییەکانی قایمقامیەت پەشیمان بووەتەوە چونکە حەزی کردووە ئاژەڵەکە لە ماڵەوە سەر ببڕێت، بۆیە داوا لە قایمقامیەت و لیژنەکانی تەندروستی دەکەین بە رێنماییەکاندا بچنەوە بەجۆرێک با قەسابەکان لە ماڵەکاندا رێنماییەکان جێبەجێ بکەن وەک بەکارهێنانی دەستەوانە و لە پێکردنی پۆتینی درێژ، جگە لەوەش ئەگەر لە ماڵەوە ئاژەڵەکان سەرببڕین بە نیو کاتژمێر تەواو دەبێت، بەڵام لە قەسابخانە کاتێکی زۆری دەوێت و ئەرکێکی زیاترە بۆ هاووڵاتییان".
بە گوتەی حاجی رەفیق دەڵاڵ نرخی کاوڕ هەشت هەزار دینار، مەڕ لە پێنج بۆ شەش ھەزار دینار و، جوانەگا لە ھەشت بۆ نۆ ھەزار دینارە.
قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر پێشتر رایگەیاندبوو کە نابێت ئاژەڵ لە ماڵ و ناو کۆڵان و شەقامەکاندا سەرببڕێت و پێویستە هاووڵاتییان ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ بە شێوەیەکی تەندروست پشکنییان بۆ بکرێت ئینجا سەرببڕدرێن بەڵام ئاژەڵفرۆشان داوا دەکەن قایمقامیەت بە رێنماییەکاندا بچێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە رێنماییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر مامەڵە و بازاڕ دروستکردووە.
هاوکات ئاژەڵفرۆشێکی دیکە تێچووی گومرک و کرێی گواستنەوە بە هۆکارێک دەزانێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و داواش دەکات کە پێداچوونەوە بە رسوماتی گومرک بکرێت.
ئاژەڵفرۆش عەزیزخان ھەرکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەمساڵ بازاڕ گرانە چونکە ئاژەڵ رسوماتی گومرکیی زۆر خراوەتە سەر و کرێی گواستنەوەش گران بووە، هەروەها حەقدەستی قەسابەکانیش زیادبووە، هەموو ئەوانە وایکردووە کە ئاژەڵ گران بێت بۆیە ئێمەش ناچارین نرخەکان گران بکەین و بە گرانیش لەسەر هاووڵاتییان بکەوێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ بەھۆی بوونی تای خوێنبەربوون و بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیەت ژمارەیەک رێنماییان دەکردووە ھاوکات ئەمڕۆش وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە رۆژی یەکشەممە بە دەستیان گەیشتووە، لە عێراق ٨٦٥ گومانلێکراو بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە. لەو ژمارەیە ٢٦٥ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە و ٦٩ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند کە تا ئێستا ٢٣ گومانلێکراو بە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە، لەو ژمارەیە، ١١ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەو ١١ حاڵەتەش پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.