Heman Hussein Yaseen
31 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2023
هەولێر - AA
یەکەم کەسی تووشبوو بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) لە ھەولێر گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکان دوو رۆژ لەمەوبەر ئەو تووشبووە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەند و پشکنینی بۆ کراوە و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە، پشکنینەکە رەوانەی بەغدا کراوە و بەرلە گەڕانەوەی ئەنجامەکە، هاووڵاتییەکە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال ھەواڵەکەی بۆ میدیاکان پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند کە ھەرچەندە ھێشتا ئەنجامی پشکنینەکە لە بەغدا نەگەڕاوەتەوە، بەڵام بەپێی نیشانەکان ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تووشبووی تای خوێنبەربوون بوو.
بەپێی زانیارییەکان کەسەکە تەمەنی ١٩ ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆش بووە و دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی بە تای خوێنبەربوون سەردانی فریاکەوتنی ناوەندی کردووە و ئەمڕۆش دوای مانەوەی دوو رۆژ لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
ھاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بەرلە دوو رۆژ ھاووڵاتییەکە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و دەستبەجێ لە تاقیگەی گشتیی تەندروستیی ھەولێر پشکنینی بۆ کراوە و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکە، پشکنینەکە رەوانەی بەغدا کراوە، بەڵام بەرلە گەڕانەوەی ئەنجامەکە، ھاووڵاتییەکە گیانی لەدەستداوە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە سێ بۆ حەوت رۆژ بەدیاردەکەون کە بریتییە لە بوونی تایەکی بەرز، ئازارێکی زۆر لە جەستە و ھەندێکجار سکچوون و رشانەوەی لەگەڵدا دەبێت و دواتر خوێنبەربوون دەست پێ دەکات بەجۆرێک خوێن لە دەم و لووتییەوە بەردەبێت و پاشان پەڵەی رەش لە پشتی تووشبووەکە دروست دەبێت.