Zana Natık Kerem
12 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
ئەندامی شانەی قەیرانەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەهرۆ محەمەد رایگەیاند، عێراق لەنێو ئەو 20 وڵاتەدایە كە بۆ کڕینی ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، داوایەكی پێشكەش بە رووسیا كردووە.
نەهرۆ محەمەد لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیچمە فەرمی ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق پێشتر داوای بۆ کڕینی ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ پێشكەشكردووە و گوتی:
"بەرپرسانی رووسیا جەختیانكردووەتەوە كە ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەم زووانە دەگاتە عێراق".
گوتیشی: "هەر كاتێك ڤاكسینەكەی رووسیا دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بگاتە عێراق، سەرەتا بۆ ئەو تووشبووانە بەكار دەهێندرێت كە رەوشیان خراپ و ناجێگیرە و دواتر بەپێی پێویست بۆ تووشبووانی دیكە بەكار دەهێندرێت".
بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا 156 هەزار و 995 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 531 كەس گیانیان لەدەستداوە و 112 هەزار و 102ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.
دوێنێ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاندبوو كە وەزارەتی تەندروستیی وڵاتەكەی یەكەم ڤاكسینی دژبە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە جیھاندا تۆمار كردووە.