Heman Hussein Yaseen
12 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
هەولێر - AA
بڕیارە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.
بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێکارەکانی خۆپارێزی، کۆبوونەوەکە لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە ئەنجام دەدرێت و بەپێی زانیارییەکانیش، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتیی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری ئەمساڵ و بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە دابەشکردنی مووچە مانگی ئادار وەک مووچەی مانگی شوبات بە بڕینی سەدا ٢١ دەبێت، یان مووچەی تەواو دابەش دەکرێت.
پێشتر بە فەرمانی وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب نوری نووسراوێک ئاراستەی فەرمانگەکانی حکوومەت کرابوو کە لیستی مووچەیان بە بڕینی سەدا ٢١ بنێرن، بەڵام دواتر بڕیارەکە راگیرا و چاوەڕوانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبارەی مووچەی مانگی شوبات دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە بوودجەی سەرجەم وەزارەتەکان سەدا ٢١ کەم کرایەوە.