Heman Hussein Yaseen
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆبوونەوەکە، هەریەک لە وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راپۆرتێکیان لە بارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی وەرزی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ پێشکەشکرد.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کردووە کە گرنگیدان و پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت کە ئاستی قوتابخانە و زانکۆکانی کەرتی گشتی بەرز بکرێتەوە بە شێوەیەک کە جیاوازی ئاستی نێوان قوتابخانە و زانکۆ حکوومی و تایبەتەکان کەم بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیاریداوە لیژنەیەک لە وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دارایی و پلاندانان پێکبھێندرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە گرنگەکانی وەرزی ئێستای خوێندن بۆ ئەوەی بەزووترین کات دابین بکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە بەرلە ھاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ بکرێت. ھەروەھا بەرنامەیەکیش دابندرێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕی رێگاوبانەکان پێش دەستپێکردنی بارانبارین.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لە بارەی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی کرد وەک بەرگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و رێکخستنەوەی کاری ژمێریاری یاسایی.