Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەر دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و چەند بابەتێک تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دیدگا و ستراتیجییەتی ئەنجوومەنی گشتیی راژە، سەبارەت بە رێکخستنەوەی وەزیفەی گشتیی، ھەروەھا بڕگەی دووەمیش بریتییە لە خستنەڕووی پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ھەموارکردنەوەی خشتەی ژمارە پێنج لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە بەکرێدانی ناوچە پیشەسازییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی رۆژی پێکەوەژیان دەکرێت و لەمبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕگەی سیێەمی کۆبوونەوەکە بریتییە لە خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، تایبەت بە رەوشی پێکھاتەی نەتەوەیی تورکمان و کلدانی سریانی ئاشووریی و پێشنیازیان بۆ جێگیرکردنی رۆژێک وەک بۆنەیەکی فەرمی لە رۆژمێری فەرمی ھەرێمی کوردستان بەناوی (رۆژی پێکەوەژیان)، ھاوکات بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکەش تەرخان دەکرێت بە خستنەڕووی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تایبەت بە کێشەی کۆگاکان و گواستنەوەی بەشە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتییان.