تەندروستی

"سیستمی تەندروستی عێراق سیستمێکی کۆنە و تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە"

ـ ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میران محەمەد: "سیستمی تەندروستی عێراق سیستمێکی کۆنە و تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە و کەس لەو سیستمە رازی نییە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 28.02.2019 - نوێکردنەوە : 03.03.2019
"سیستمی تەندروستی عێراق سیستمێکی کۆنە و تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەندامی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میران محەمەد لە بارەی رەوشی تەندروستی لە عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "رەوشی تەندروستی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە رەوشی تەندروستی ناوچەکانی تری باشووری عێراق زۆر باشترە لە رووی دەرمان و کاتی دەوام و خزمەتگوزاری تەندروستییەوە، بەڵام رەوشی تەندروستی ھەرێمی کوردستانیش جێگەی خواستی ئێمە و خەڵکی تریش نییە و رەوشی ئەو دۆخە باشە نییە و تا ئێستا نەتواندراوە لەسەدا سەد دەرمان کۆنترۆڵ بکرێت و سیستمە تەندروستییەکەش لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش ئەو سیستمە کۆنەیە کە کاری پێدەکەین، راستە لە ھەرێم ھەندێک گۆڕانکاری کەم کراوە، بەڵام نەخۆش و ستافی تەندروستی و بەرپرسانی عێراق و ھەرێمیش لێی رازی نین".

میران محەمەد گوتی: "لە کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزیری نوێی تەندروستی عێراق پێمان راگەیاندووە کە ناکرێت لەمساڵدا گۆڕانکاری لە رەوشی تەندروستی عێراق نەکرێت، راستە لە ساڵانی رابردوو شەڕی داعش ھەبووە و بوودجەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ شەڕ و چەک و بواری سەربازی، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ شەڕی داعش نەماوە و پێویستە ئەو بوودجەیە ھەندێکی دابین بکرێتەوە بۆ کڕینی دەرمانی باش و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی".

ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەروەھا گوتی: "لە شاری مووسڵ و بەشێک لەو شارانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی داعش بوون نەخۆشخانەیان تیادا نەماوە و لە بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ش ئەوەیان بۆ قەرەبوو نەکراوەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بوودجەی کەرتی تەندروستی نزیکەی ٩٠٠ ملیار دینار زیاتر لە بوودجەی ٢٠١٨ دابینکراوە و زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دیناری دانراوە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی".

میران محەمەد سەبارەت بە رەوشی تەندروستی لە شارەکانی مووسڵ و ئەو ناوچانەی تر کە بە ھۆی شەڕی داعشەوە رووبەڕووی داڕوخان بوونەتەوە، زیاتر قسەی کرد و گوتی: "وەک لیژنەی تەندروستی سەردانی ئەو ناوچانەمان کردووە و چەندین نەخۆشخانە بەتەواوەتی وێران بوون و بەراورد بە شارەکانی تر خزمەتگوزاری تەندروستی ھەر تیادا نییە و لە بوودجەی ٢٠١٩ش بوودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانە دانەندراوە و ھاوشێوەی شارەکانی تر حسابیان بۆ کراوە".

میران محەمەد کە پێشتر بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی بووە و پسپۆڕی ھەیە لە بواری پزیشکیدا، دوو پڕۆژەی بۆ بەرەوپێشبردنی رەوشی تەندروستی عێراق ئامادە کردووە و رادەستی وەزیری تەندروستی وڵاتەکەی دەکات.

ئەو گوتی: "پڕۆژەیەکیان لە بارەی دەرمانە کە چی بکرێت بۆ باشترکردنی کوالێتی دەرمان، چونکە بوودجەی عێراق زۆرە و دەگاتە ١٣٢ ترلیۆن دینار لەو بڕەش بوودجەیەکی کەم بۆ کەرتی تەندروستی داندراوە کە دەگاتە سێ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار، داوام کردووە کولێتی دەرمان باش بکرێت و ئەو دەرمانانەی دەدرێت بە ھاووڵاتییان لەسەدا ٨٠ تا ٩٠ دەرمانێکی باش بێت، ھەورەھا پڕۆژەیەکی ترم ئامادە کردووە و رادەستی وەزیری تەندروستی دەکەم لەسەر سیستمی تەندروستییە کە سیستمێکی کۆنە و تێکەڵکردنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە و دکتۆرێک لە زانکۆ و لە نەخۆشخانەش دەوام دەکات و کەس لەو سیستمە رازی نییە، رەنگە بە بڕێک پارەی کەم وا لە دکتۆر و کارمەندەکان بکەیت نۆڕینگەکانیان دابخەن لە کاتێکدا ئێمە نموونەی پێشترمان ھەیە لە سلێمانی و نەخۆشخانەی ھیوا و سەنتەری زەڕەمان وا لێکرد و سەرکەوتوو بوو".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın