Cemal Sargati
29 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2016
سلێمانى - AA
سەنتەرى نەخۆشییەکانى مەمک لە ساڵى 2007 دامەزاروە و لەو کاتەوەى کە ئەو سەنتەرە دامەزراوە تاکو مانگى تشرینی یەکەمی 2016 (105 هەزار و 75 کەس) سەردانى ئەو سەنتەرەیان کردووە و لەو ژمارەیەش 887 کەس تووشى ئەو نەخۆشییە بوون.
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى، هێرش سەلیم بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند "ئامانج لە سازدانى کۆنفرانسەکە برەودانە بەبوارى زانست و هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییان لەو نەخۆشیە و هەروەها چارەسەرکردنى نەخۆشەکان بەڕێگەیەکى زانستى".
هێرش سەلیم گوتیشى: "ئەمە یەکەم کۆنفرانسە لە شارى سلێمانى بەرێوەبچێت کە ئەوەش بە هاوکارى سەنتەرى ژیانەوە و سەنتەرى نەخۆشییەکانى مەمک ئەنجام دراوە هەروەها ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستە هەموو ساڵێک ئەنجام بدرێن تاکو هاووڵاتییان زیاتر هۆشیارى وەربگرن".
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ئامارەکانى راگەیاند و گوتى: "لەو کاتەوەى ئەو سەنتەرە دامەزراوە تاکو مانگى تشرینی یەکەمی 2016، (105هەزار و 75 کەس) سەردانى ئەو سەنتەرەیان کردووە و لەو ژمارەیەش 887 کەس تووشى ئەو نەخۆشییە بوون بەردەوامیش چارەسەریان بۆ کراوە".
لاى خۆیەوە وەزیرى تەندروستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند "ئەوەى لەم کۆنفرانسەدا باس دەکرێت بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەى هاووڵاتییانە لە هەرێمى کوردستان و ئەم نەخۆشییەش نەخۆشیەکى باوە و پێویستە زۆر بەزوویى فریاى بکەوین و چارەسەرى بۆ بکەین".
دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید گوتیشى: "پێویستە دایکان سەردانى ئەم سەنتەرە بکەن بۆ ئەوەى پشکنینیان بۆ بکرێت".
وەزیرى تەندروستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشى گوت "ئامارەکانى هەرێمى کوردستان لە چاو ئامارە جیهانییەکان کەمترە و پێویستە ژمارەی سەنتەرەکانی چارەسەرکردنى ئەو نەخۆشییە زیاتر بکەین".