Sarmand Hameed
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیاردراوە کە گەورەترین نەخۆشخانەی ستراتیجی کۆرۆنا لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دروست بکرێت.
سامان بەرزنجی لە راگەیەنراوێکدا رەوشی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەی لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو.
سامان بەرنجی رایگەیاندووە "ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ شوێن و سنوور و جیاوازییەک نازانێت".
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم ئاشکرای کردووە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە هەولێر و زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە سلێمانی بووە.
سامان بەرزنجی ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بڕیاردراوە کە گەورەترین نەخۆشخانەی ستراتیجی کۆرۆنا لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دروست بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "هەموو دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی کە لە وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بۆ هەرێم دابین بکرێت راستەوخۆ لەلایەن دەزگای کیمادیای عیراق بەپێی پێوەرەکان بۆ پارێزگاکان دابەش دەکرێت و راستەوخۆ بۆ کۆگاکانی پێداویستیەکانی پارێزگاکان رەوان دەکرێت".
سامان بەرزنجی لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی بوودجە و خەرجییەکانی فریاگوزاری کۆڕۆنا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە دابەشکردنی بوودجە و خەرجییەکانی فریاگوزاری لەسەر بنەما و پێوەر و رێژە جێگیرەکانی دارایی دابەش کراوە بەجۆرێک بۆ سلێمانی لەسەدا ٤٣، بۆ هەولێر لەسەدا ٣٤ و بۆ دهۆک لەسەدا ٢٣ بووە.
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "لێدوانی هەڵە و سەرلێشێواندنی هاووڵاتییان و دژایەتیکردنی رێکار و رێنماییەکان و رەتکردنەوەی بوونی کۆڕۆنا هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنە بەم نەخۆشییە".
سامان بەرزنجی سەرنجی خستووەتەسەر ئەوەی کە دواکەوتنی چوون بۆ نەخۆشخانە تا رادەی خراپبوونی باری تەندروستی نەخۆشانی کۆڕۆنا، ئەگەری ترسناکی و گیان لەدەستدانی نەخۆش زیاد دەکات.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەوشی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەکاتی ئێستادا زۆربەی کۆمەڵگا بە بەرکەوتوو یان گومانلێکراو دادەنرێت.
سامان بەرزنجی داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە پابەندی خۆپارێزی ببن و نووسیوویەتی "زۆر ئاسانە خۆت و کەسی بەرامبەرت بپارێزە بە دانانی ماسک بەگونجاوی و دوورکەوتنەوەی نزیکەی دوو مەتر".