
Arbil
هەولێر - AA
ماوەی چەند ساڵێکە خۆڵبارین لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردە و ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی تەندروستی هاووڵاتییان و لاوازکردنی کەرتی دارایی، کشتوکاڵ، گەشتیاریی و پسپۆڕانی بواری وزە و تەندروستی پێیان وایە ئەگەر شەپۆلەکە بەردەوام بێت ئەوا کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی هاووڵاتییان بە گشتی و، بەبیابانبوونی ڕووبەڕێکی زۆر لە خاکی عێراق بە هۆکاری دروستبوونی خۆڵبارینەکە دەزانن
پسپۆڕانی بواری وزە و تەندروستی ھۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەگەرچی خۆڵبارین پێشتر وەک ڕووداوێکی سرووشتی دەگمەن سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی تێکەڵەیەک لە گۆڕانی ئاو و هەوا و تێکچوونی ژینگەوە، زیاتر چڕ دەبێتەوە و ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێت.
هۆکارەکانی خۆڵبارین
پسپۆڕی بواری وزە و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر ڕێبین سەمەد لەبارەی هۆکارەکانی خۆڵبارینەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دیاردەی خۆڵبارین دیاردەیەکە لە ناوچە بیابان و نیمچە بیابانەکان لە ئەنجامی جیاوازی پلەی گەرمی، ئاراستە و جووڵەی با، جیاوازی پەستانی هەوا لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە دروست دەبێت، ئەوانە هەموو کاریگەری هەیە لەسەر دروستبوونی شەپۆلی خۆڵبارین، هەروەها کۆمەڵێک هۆکاری دیکەیشی هەیە وەک بارستەی هەوا لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ دەشتاییەکان".
دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتیشی: "بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، سەدا ٤١ی خاکی عێراق بریتییە لە بیابانەکان، هەروەها بەپێی داتاکانی ساڵی ١٩٦٥ ئەو ڕووبەرەی کە شیاوی کشتوکاڵ و دارچاندنە لە عێراق بریتییە لە ١٣٥ ملیۆن دۆنم زەوی بەڵام بەداخەوە ئەو ژمارەیە گۆڕانکاری گەورەی بەسەر داهاتووە بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا یان هۆکارە سرووشتیی و مرۆییەکان. ئەگەر سەیری دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانی عێراق بکەین دەبینین ڕووبەری کشتوکاڵی لە ١٣٥ ملیۆن دۆنم زەوی دابەزیووە بۆ ١٣ ملیۆن دۆنم، بە گشتی ٩٠ ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق کوژاوەتەوە و بە تەواوی تووشی بە بیابانبوون بووە، هەروەها زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆنم زەوی هەڕەشەی کوژانەوەی لەسەرە، ئەمانە هۆکاری گەورەن لەسەر زیاترکردنی ڕێژەی خۆڵبارین لە عێراقدا".
لەمیانی سێ مانگدا نۆ شەپۆلی خۆڵبارین بۆسەر پارێزگای هەولێر هەبووە
ئەو پسپۆڕەی بواری وزە ئاماژە بە توێژینەوەیەک دەکات لەبارەی شەپۆلی خۆڵبارین لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە هەولێر و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ساڵی ٢٠٠٠ تەنیا شەپۆل هەبووە، بەڵام بەپێی تێپەڕینی کات شەپۆلەکان زیادی کردووە و تەنیا لە سێ مانگی ئەمساڵدا، نۆ شەپۆلی خۆڵبارین هەولێری گرتووەتەوە.
لەمبارەیەوە دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتی: "توێژینەوەیەکم هەبووە لەسەر شاری هەولێر کە لە ساڵی دا ٢٠٢٤دا تەنیا چاودێری ئەو خۆڵەمان کردووە کە نیشتووە، دەبینین هیچ شەپۆلێکی خۆڵبارینی سرووشتیمان نەبووە کە لە دەرەوەی عێراق هاتبێت و بەرکەوتەی بە پارێزگای هەولێر هەبووبێت، بەڵکو تەنیا ئەو خۆڵە نیشتووە بووە کە لەگەڵ ئاراستەی با لە شارەکانی دیکەی عێراق هاتووەتە هەولێر، ئەگەر ئامارێکی ئەو گەردەلوولە خۆڵبارینانە وەربگرین بۆ هەولێر، لە ساڵی ٢٠٠٠ تەنیا یەک گەردەلوول هەبووە، لە ٢٠٠٢ بووەتە سێ گەردەلوول، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ بە دواوە شەپۆلەکانی خۆڵبارین بەرزبووەتەوە و بەر پارێزگای هەولێر کەوتوون، لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٢ شەپۆلمان هەبووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤ هیچ شەپۆلێکی خۆڵبارینی سرووشتی نەبووە".
ڕێبین سەمەد گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٥) لە کۆتایی مانگی ئادار تا ئەمڕۆ، نۆ شەپۆلی خۆڵبارین بەرکەوتەی پارێزگای هەولێر هەبووە، نزیکترین ساڵ بەراورد بکەین بە ئەمساڵ، واتا ٢٠٢٤ بەراورد بە ٢٠٢٥، دەبینین لە ٢٠٢٤دا زیاتر لە ٥٨٥ ملیم باران باریووە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ لە ١٥٠ ملم تێپەڕی نەکردووە لە سەنتەری شار، واتا ئەو ژمارەی کە جیاوازی هەیە هۆکارێکی گەورەیە بۆ ئەوەی قەبارەی خۆڵبارینەکە ئێجگار بەرزبێتەوە، چونکە زەویەکان سەوزاییان دابەزیووە و پلەی گەرمیی لەم شوێنانە بەرز دەبێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە جیاوازی بارستەی هەوا دروست بێت".
جۆرەکانی خۆڵبارین
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی بواری وزە، چەند جۆرێک خۆڵبارین هەیە، هەندێکیان مرۆییە دەتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت بەڵام گەردەلوولی شەپۆلی خۆڵبارین ئەوەی کە ئێستا هەیە، هۆکارەکەی سرووشتییە و ناتوانێت ڕێگریی لێ بکرێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە لەمیانی ساڵی ڕابردوودا ١٠ تۆن خۆڵ باریووە لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر.
لەبارەی جۆرەکانی خۆڵبارینەوە، دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتی: "چەند جۆر خۆڵبارینمان هەیە،خۆڵبارینی لاوەکی، هەڵواسراو، بڵندبوو، هەروەها گەردەلوولی شەپۆلی خۆڵبارینیشمان هەیە، سێ جۆرەکەی سەرەتا بە هۆکاری مرۆییە، بەڵام ئەوەی دوایی هۆکارە سرووشتییەکەیە کە ناتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت و چڕییەکەی لە هەندێک کات زۆر بەرزدەبێتەوە ڕێژەی بینین دادەبەزێت بۆ چوار کیلۆمەتر، دەنۆلکەکانی نێو ئەم شەپۆلە لە نێوان یەک بۆ ٥٠ مایکرۆمیتەرە (یەکەیەکە بۆ پێوانی درێژی شەپۆل و خانە بایۆلۆژییەکان و بەکتریا)".
ڕێبین سەمەد گوتیشی: "ئەگەر پارێزگای هەولێر بە نموونە وەربگرین، شوێنی هاتنی شەپۆلەکان لە بەشی باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای هەولێرە، ئەو شەپۆلە خۆڵەی لە ساڵی ٢٠٢٤ هەبووە هۆکاری مرۆیی بووە و سرووشتی نەبووە، بەڵام ئەم شەپۆلەی ئەمساڵ هۆکاری سرووشتی بووە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا کەمترین ڕێژەی خۆڵبارین لە مانگی ئایار هەبووە کە ٠،٣ گرام بووە بۆ یەک مەتر سێجا، هەروەها بەرزترین ڕێژە لە مانگی ئەیلوول بووە ٣،٥ گرام بووە بۆ یەک مەتر سێجا، لەماوەی یەک ساڵدا لە ٢٠٢٤ کۆی گشتی خۆڵبارین لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر ١٠ تۆن خۆڵ باریووە، لە هەر مەترێک سێجا زیاتر لە ٢٨ گرام خۆڵ نیشتووەتەوە، بێگومان بۆ ئەمساڵ ڕێژەی خۆڵبارینەکە زۆر زیاترە".
کاریگەرییەکانی
ئەو پسپۆڕەی بواری وزە پێی وایە سەرەڕای کاریگەرییە تەندروستییەکانی بۆسەر هاووڵاتییان، ئەوا خۆڵبارین کاریگەری دەخاتە سەر کەرتی دارایی، کشتوکاڵ، گەشتیاریی و بەرهەمهێنانی وزە.
لەمبارەیەوە دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتی: "خۆڵبارین کۆمەڵێک کایگەریی لەسەر کەرتە جیاوازەکان هەیە، بۆ نموونە بەهۆی ئەوەی دەنۆلکەکانی خۆڵ لەناو هەوادا بارگاویی بوونە، ئەوا هەندێکجار هەڵگری کۆمەڵێک ڤایرۆس یان بەکتریایە و بەهۆی گواستنەوەیان زۆرجار کشتوکاڵ تووشی نەخۆشی دەکات و بەرهەمەکانییان لە ڕووی گەشەوە زۆر سست و لاواز دەبێت.
دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی ئەم دیاردەیە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی دروست دەکات ئەوا کاریگەریی لەسەر هاتنی ڕێژەی گەشتیارانیش دەبێت، هەروەها کاریگەری لەسەر وزەی نوێبووەوە دروست دەکات کاتێک خۆڵ تەواو پانێڵەکان دادەپۆشێت ئەمەش وا دەکات پانێڵەکان کەمتر تیشکی خۆر وەربگرن و ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە".
خۆپارێزی
هاوکات بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن یان هەستیارییان لە کۆئەندامی هەناسە هەیە، ئەوا پێویستە ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و خۆپارێزیی بکەن لە کاتەکانی خۆڵباریندا.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر، دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە ڕووبەڕووی ئەم شەپۆلە دەبینەوە، وا باشترە ئەوانەی کارێکی پێویستان نەبێت لەماڵەکان بمێننەوە، ئەوانەیشی لە دەرەوە کار دەکەن، پێویستە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن، بێگومان ئەوانەی کرێکارن و لە دەرەوەی ماڵ کار دەکەن زیارتر کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت و هەندێکجار دەگاتە حاڵەتی خەواندن لە نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی کاتی تا چارەسەری پێویست وەردەگرێت".
دکتۆرە بێریڤان عەدنان ئەسعەدی گوتیشی: "خۆڵبارین کاریگەری لەسەر چاو هەیە، پێویستە چاویلکە بەکاربهێندرێت، ئەگەر خۆڵبارینەکە ماوەی دروستبوون و تەواوبوونی کەم بێت ئەوا کاریگەری زۆر نابێت لەسەر تەندروستی بەڵام ئەگەر ساڵانە بەشێوەیەکی بەردەوام لە چەند وەرزێک دووبارێتەوە، بێگومان لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات".