Abdullah Abdulmanaf Shukur
19 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2022
ھەولێر - AA
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند کە چوار حاڵەتی کۆلێرا لە سنووری پارێزگای ھەولێر تۆمارکراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئاشکرا کرد.
ئومێد خۆشناو لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێرەوە پشکنینیان بۆ کراوە، چوار حاڵەتی کۆلێرا لە ھەولێر تۆمارکراوە و پێنج حاڵەتیش تا ئێستا پشکنینەکانیان دەرنەچووە و گومانلێکراون".
پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بەوەشدا کە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا پێویستیان بە ھەماھەنگی هاووڵاتیان ھەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە قوربانی زیاتری لێ نەکەوێتەوە.
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو ھەر لەبارەی گرتنەبەری رێکاری پێویست لەمبارەیەوە رایگەیاند کە تیمە تەندورستییەکان زیاد دەکرێن و ئامادەکاریی لە نەخۆشخانەکان دەکرێت و پێداویستی پزیشکی دابین دەکرێت.