Dildar Baykan Atalay
12 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە رێوڕەسمێکدا کە لە کۆشکی سپی سازکرا، بۆ یەکەمجار یەکێک لە وێنە تەواو رەنگاوڕەنگەکانی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە کە لەلایەن تێلسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێب-ەوە گیراوە، کە سەربە ئاژانسی فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا (ناسا)یە و چاودێری قوڵایی بۆشایی ئاسمان دەکات.
لە رێوڕەسمەکەدا بەرپرسانی ناسا زانیاریاندا بە بایدن سەبارەت بە یەکەم وێنە کە تێلسکۆپەکە گرتوویەتی.
لە گوتارێکیدا بایدن باسی لەوە کرد کە ئەو وێنانە هێزی ئەمریکا نیشان دەدەن و، رایگەیاند: ''ئەم وێنانە نیشانی هەموو جیهانی دەدات کە ئەمریکا دەتوانێت شتانی گەورە ئەنجام بدات، بەتایبەتی وەبیری منداڵانی ئەمریکی دەهێنێتەوە کە هیچ شتێک لە سەرو توانای ئێمەوە نییە''.

لە پاش گوتارەکەی، بایدن وێنەیەکی گەلەئەستێرەکانی بۆ رای گشتیی بڵاوکردەوە کە پێشتر بە چاوی مرۆڤ نەبینراوە و تا ئەمڕۆ قوڵترین و روونترین وێنەی گەلەئەستێرەی گەردوونە.
بەڕێوەبەری ناسا، بیل نیلسۆن لە دوای بڵاوکردنەوەی وێنەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و، تیایدا رایگەیاند: ''دەزانن کە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر باوەڕمان وابوو کە ئەوە یەک گەلەئەستێرەیە، ئێستا دەزانن کە ملیاران گەلەئەستێرە و خۆری بێ شومارە''.
نیلسۆن باسی لەوە کرد کە ئەو تێلسکۆپە هەوڵ دەدات بگات بە سنوورەکانی ١٣ ملیار ساڵی گەردوون و، بەو توێژینەوانەی تێلسکۆپی جەیمس وێب لەسەر هەسارەکان ئەنجامی دەدات هەوڵ دەدات ئەوە بدۆزێتەوە کە ژیان لەسەر ئەو هەسارانە هەیە یان نا.

ناسا لە ١٢ی تەمووزدا وێنە و زانیاری زیاتر بۆ رای گشتیی بڵاودەکاتەوە کە تێلسکۆپی بۆشایی ئاسمانی جەیمس وێب گرتوونی.
جەیمس وێب کە بەرهەمی کاری هاوبەشی ناسایە لەگەڵ ئاژانسەکانی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا و کەنەدا، بە جێگرەوەی تێلسکۆپی بۆشایی ئاسمانی هۆبڵ دادەنرێت، کە گەورەترین و بەهێزترین تێلسکۆپە تا ئەمڕۆ دروستکرابێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی ١٣ ساڵە نزیکبووەتەوە لە کۆتایی تەمەنی کاری.