جيهان, تەكنەلۆجيا و زانست

هاووڵاتییەكی چینی بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکانی ژیری دەستکرد لە ئەمریكا تۆمەتبار کرا

Aynur Şeyma Asan, Dilara Karataş  | 07.03.2024 - نوێکردنەوە : 10.03.2024
هاووڵاتییەكی چینی بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکانی ژیری دەستکرد لە ئەمریكا تۆمەتبار کرا

Ankara

ئەنقەرە - AA

دینگ لینڤی، کە پێشتر ئەندازیاری بەرنامەساز بووە لە گووگڵ و بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەنهێنیی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ناوەندەکانیان لە چینە کاری کردبێت، تۆمەتبار کرا بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکان لەبارەی ژیری دەستکردی گووگڵ.

وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە ڕاگەیاندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی دزینی "نهێنییە بازرگانییەکان" لەبارەی تەکنەلۆجیای ژیری دەستکرد سەربە گووگڵ، چوار تۆمەتی جیا ئاڕاستەی "لیۆن دینگ" کراوە کە بە دینگ لینڤی ناوسراوە و کاری ئەندازیاری بەرنامەسازی کردووە لە گووگڵ.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەشەی ئەوە کراوە دینگ کە هاووڵاتی چینییە، کاتێک کارمەندی گووگڵ بووە، بە نهێنیی کاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە کە ناوەندەکانیان لە چینە و، لەو ماوەیەدا زانیارییە هەستیارەکانی گووگڵی ڕەوانەی هەژماری کەسی خۆی کردووە.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە دینگ دەستگیرکراوە و ئەگەر تۆمەتەکانی لەسەر ساغ بکرێتەوە، ئەوا بۆ هەر یەکێکیان سزای هەتا ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا، کریستۆفەر رای، ڕایگەیاند: "تۆمەتەکانی ئەمڕۆ دوایین نیشاندەرن کە ئەو کۆمپانیایانەی ناوەندەکانیان لە چینە تا چەند بەرەو دزینی داهێنانەکانی ئەمریکا هەنگاو دەنێن".

رای ئەوەیشی خستەڕوو کە ئەم دزییانە دەرەنجامی نەرێنییان دەبێت لەسەر ئابووریی و ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن