Ramal Mahmood
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئەمریکا بڕیاری قەدەغەکردنی هەڵگرتنی مۆبایلی زیرەکی سامسۆنگی Galaxy Note 7 بۆ ناو فڕۆکە دا، دوای دەرکەوتنی ئەوەی کە پاترییەکەی گڕدەگرێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا ئەو کەسانەی ئاگادارکردەوە کە مۆبالی جۆری Galaxy Note 7یان هەیە، لەکاتی گەشتکردن یاخود هاتن لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بە فڕۆکە، رێگەیان پێنادرێت ئەو جۆرە مۆبایلە لەناو جانتاکانیان دابنێن یاخود بیخەنە بەشی تەرخانکراو بۆ دانانی شتومەک و کەلوپەل لە ناو فڕۆکە.
بڕیاری قەدەغەکردنەکە هەموو جۆرە مۆبایلەکانی Samsung Galaxy Note 7 دەگرێتەوە، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "ئەو جۆرە مۆبایلانە لەڕێی کۆمپانیاکانی پۆستە و گەیاندنیشەوە ناگوێزرێنەوە. بڕیارەکەش لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ (بەکاتی ستاندارت) لە رۆژی شەممە ١٥ی تشرینی یەکەم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
راگەیەنراوەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە هەر گەشتیارێک پابەند نەبێت بەو یاسایە دەست بەسەر مۆبایلەکەیدا دەگیرێت و سزای مادی بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەروەها لە راگەیەنراوەکە هۆشداری دراوەتە گەشتیاران کە بەهۆی ئەوەی شاردنەوەی مۆبایلەکەنیان لەناو جانتاکانیان مەترسی زیاتری هەیە، بۆیە رێوشوێنی یاسایی دەگرنەبەر لەدژی ئەو گەشتیارانە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ئەمریکا، ئەنتۆنی فۆکس لەبارەی راگەیەنراوەکەوە گوتی: "ئێمە دان بەوە دادەنێین کە قەدەغەکردنی ئەم جۆرە مۆبایلانە بۆ ناو فڕۆکە ژمارەیەک لە گەشتیاران هەراسان دەکات. بەڵام ناچارین بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشتیاران هەموو رێوشوێنێک بگرینەبەر".
كۆمپانیای زهبهلاحی كۆریای باشوور له بواری تهكنهلۆجیا و بهرههمی ئهلیكترۆنی سامسۆنگ مۆبایلی سامسۆنگی جۆری Galaxy Note 7 بەرهەمهێناوە و خستیە بازاڕ، بەڵام بەهۆی بەردەوامی گڕگرتن داوای لەبەکارهێنەرانی کرد ئەو جۆرە مۆبایلە بکوژێننەوە و بەکاری نەهێنن و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ئەو جۆرە مۆبایلەیشی راگرت.