Yunus Kaymaz
27 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2021
ئیستانبوڵ-AA
یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزیی، دوای ١٢ ساڵ جارێكی دیكه ئه‌ستێره‌ی پۆرتوگالی، كریستیانۆ رۆناڵدۆی گواسته‌وه ریزه‌كانی.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له‌لایه‌ن یانه‌كه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد گه‌یشتووه‌ته رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یانه‌ی یوڤێنتوس بۆ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ٣٦ ساڵانی یاریزانی یانه ئیتاڵییه‌كه.
هه‌روه‌ها له هه‌ژماری یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یامی "به‌خێر بێیته‌وه بۆ ماڵه‌وه" بڵاوكراوه‌ته‌وه و له ماڵپه‌ڕی یانه‌كه‌ش ئاماژه به‌وه‌كراوه هه‌مووان به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆناڵدۆن.
میدیاكانی ئینگلته‌را بڵاویان كرده‌وه، یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی رۆناڵدۆدا ٢٥ ملیۆن یورۆ ده‌داته یوڤێنتوس و پێشنیازی گرێبه‌ستی دوو ساڵی بۆ ئه‌ستێره پۆرتوگالییه‌كه كردووه.
رۆناڵدۆ بووه‌ته خاوه‌نی پێنج خه‌ڵاتی بالۆن دۆر (تۆپی ئاڵتوونی)، كه خه‌ڵاتێكه ده‌درێته باشتری یاریزانی ساڵ و له‌گه‌ڵ ئه‌و یانانه‌ی یاریی كردووه زیاتر له ٣٠ جامی بردووه‌ته‌وه كه پێنجیان جامی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا و حه‌وتیان جامی خوله‌كانی ئینگلته‌را، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بوون.
له ساڵی ٢٠٠٣دا رۆناڵدۆ له یانه‌ی سپۆرتینگ لیزبۆنی پۆرتوگالییه‌وه په‌یوه‌ندیی به ریزه‌كانی یانەی مانچێسته‌ر یونایتده‌وه كرد و له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ یانه ئینگلیزییه‌كه كه شه‌ش وه‌رز بوو، به‌شداریی له ٢٩٢ یاریی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كاندا كرد و ١١٨ گۆڵی تۆمار كرد.