Hüseyin Burak Demirer
13 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
لە میانی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا (UEFA Champions League)، یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی دوا پاڵەوانی خولەکە، یانەی چێڵسی بووەوە و بەو گۆڵە چارەنووسسازەی ئەستێرەی یانەکە، کەریم بەنزیما لەکاتی زیادکراو تۆماری کرد و توانی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش کۆتایی.
یانە ئیسپانییەکە کە لەیاری چووندا بە ئەنجامی ٣-١ یارییەکەی بردبووەوە و لە یاری گەڕانەوەدا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابۆ میوانداری یانەی چێڵسی ئینگلیزی کرد.
یاریزانانی یانەی میوان بەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیان کرد توانییان تاوەکو خولەکی ٧٨ سێ گۆڵ تۆمار بکەن و جڵەوی یارییەکە بگرنە دەست.
گۆڵەکانی چێڵسی لە خولەکی ١٥ لە رێگەی یاریزان مۆنت و لە خولەکی ٥١ رۆدیگێر و لە خولەکی ٧٥ لە رێگەی یاریزانی ئەڵمانی تیمۆ وێرنەر تۆمارکران.
یاریزانی ریال مدرید، رۆدریگۆ دوو خولەک دوای هاتنە ناو یاری توانی لە خولەکی ٨٠ گۆڵێک بۆ ریال مەدرید تۆمار بکات و ئەنجامی یارییەکە بۆ ٣-١ بگۆڕێت، بەم شێوەیەش یارییەکە چووە کاتی زیادکراوەوە.
لە خولەکی ٩٦ی کاتی زیادکراودا یانە شاهانەکە لە رێگەی گۆڵی ئەسێرەی فەڕەنسی، کەریم بەنزیما ئەنجامی یارییەکەی بۆ ٣-٢ گۆڕی. بەم ئەنجامەش یانەی ریال مەدرید سەرەڕای دۆڕاندنی لەم یارییە، بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا بەئەنجامی ٣-١ سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو، توانی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش کۆتایی خولەکە.
ریال مەدریدی ئیسپانی کە تاوەکو ئێستا ١٣ جار جامەکەی بەرزکردووەتەوە، خاوەن زۆرترین نازناوی چامپیۆنس لیگە.