Doğa Kırmızıoğlu
11 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2022
ئەنقەرە-AA
لە یاریی لووتکەی پرێمیەرلیگدا، ھەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و یانەی لیڤەرپوڵ بە ئەنجامی ٢-٢ یەکسان بوون.
لە میانی یارییەکانی ٣٢ھەمین ھەفتەی پرێمیەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی پێشەنگی خولەکە لە یاریگای ئیتیحاد میوانداریی یانەی لیڤەرپوڵی کرد.
مانچێستەر سیتی یارییەکەی زۆر بە خێرایی و به ھێرشبردن دەستپێکرد. توانی لە خولەکی پێنجەمدا بە گۆڵێکی کیڤن دی برۆین بە ئەنجامی ١-٠ پێشبکەوێت.
لە بەرامبەردا لیڤەرپوڵ، ھێرشەکانی چڕ کردەوە و لە خولەکی ١٣دا توانی لە رێگەی دیێگۆ جۆتا گۆڵی یەکسان بوون تۆماربکات.
لە خولەکی ٣٦ی یارییەکەدا ئەستێرەی مانچێستەر سیتی، گابریێل خیسۆس توانی تۆڕی لیڤەرپوڵ بھەژێنێت و گۆڵی دووەم بۆ یانەکەی تۆمار بکات، ئەنجامی نیوەی یەکەمی یارییەکە بکاتە ٢-١.
نیوەی دووەمی یارییەکە زۆر بە خێرایی دەستی پێکرد و لە خولەکی ٤٦دا یاریزانی سەنیگالی، سادیۆ مانێ پاسێکی محەمەد سەڵاحی قۆستەوە و توانی گۆڵی دووەم بۆ یانەی لیڤەرپوڵ تۆمار بکات و ھاوسەنگی بۆ یارییەکە گهڕاندهوه.
دوای ھێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ھەردوو یانه و چەندین ھەوڵ و فشار خستنە سەر بەرامبەر نەتواندرا ئەنجامەکە بگۆڕدرێت و یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتایی ھات.
بەم ئەنجامە یانەی مانچێستەر سیتی بە کۆکردنەوەی ٧٤ خاڵ لە پێشەنگی خولەکەدا مایەوە و لیڤەرپوڵ بە جیاوازی یەک خاڵ و بە ٧٣ خاڵ لە پلەی دووەمدا مایەوە.
لە میانی یارییەکانی دیکەی ئەمڕۆی پرێمیەرلیگدا، یانهی لیستەر ستی بە ئەنجامی ٢-١ لە یانەی کرستاڵ پاڵاسی میوانی بردەوە.