ئەنقەرە
تائێستا لە سێ کەشتیدا، نەوتی هەناردەکراوی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە رەوانە کراوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
تانەر یڵدز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: درەنگانێکی شەوی رابردوو، کەشتی چوارەم کە نەوتی کوردستانی بارکردووە، لە بەندەری جەیهانەوە جووڵاوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.
یڵدز لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو وڵاتانەی نەوتی کوردستانیان پێ فرۆشراوە گوتی: "ئەمە کێشەی تورکیا نییە ئەو تانکەرانەی نەوتی کوردستانیان تێدایە بەرەو ئیسرائیل دەرون یا بەرەو شوێنێکی دیکە، چونکە ئەو نەوتە هی خۆیانە و ھەر ئەوان لەرێی تەندەرەوە دەیفروشن بەو شوێنانەی لەگەڵیان دەگەنە رێککەوتن. رەنگە بە ئیسرائیلیان فروشتبێ یان بە وڵاتێکی دیکە، ئەوە هیچ پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە."
یڵدز لەسەر ئەو پرسە زیاتر دوا و گوتی: "نەوتێک کە بکەوێتە نێو بۆرسەی جیھانی نەوتەوە، دەستاودەستی پێدەکرێ تا دواجار دەگاتە دەستی دوایین مشتەریی، ئێمە وەکو تورکیا پەیوەندییمان بەو شتەوە نییە، ئەرکی تورکیا لێرەدا تەنیا گواستنەوە و ترانزیتی ئەو نەوتەیە، بە ئێمەیان گوتووە نەوتەکە لە بازاڕی دەریای رەش فروشراوە، حاڵی حازر بەشی بۆری نەوتبەری کەرکوک - یومورتاڵک لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە کاری پێدەکرێ و ئەمەش تۆزێک بارگرانی سەر بەغدای سووک کردووە، ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی کە ماوەی سێ حەفتەیە لە عێراق سەریھەڵداوە، کاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕ و کەرتی وزە داناوە."
لە مەڕ کۆکردنەوەی داھاتی نەوتی کوردستان لە (ھاڵک بانک) یڵدز گوتی: "بەپێی رێککەوتنی نێوانمان، داھاتی ئەو نەوتە لە حساب بانکیی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھاڵک بانکی تورکیا هەڵدەگیرێ، لەو چوارچێوەیەدا بڕە پارەی یەکەمین تانکەری نەوتی ھەرێمی کوردستان ٩٧ ملیۆن دۆلار رەوانە کراوە، چوار ملیۆنی لێ گلدراوەتەوە و ٩٣ ملیۆنی خراوەتە نێو حساب بانکیی ھەرێمی کوردستان لە ھاڵک بانک، بەغدا و ھەولێر ئاگایان لەو بڕە پارەیە هەیە، ئەو سیستمەی کە تورکیا دایناوە سیستمێکە لە نێو ئەم ئاڵۆزییانەدا گرنگی بۆ ھەموولایەک ئاشکرا دەبێ."
یڵدز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "رێژەی ئەو نەوتەی لە خەزانەکانی بەندەری جەیھان کۆکراوەتەوە، گەیشۆتە ٢.٦ ملیۆن بەرمیل و کەشتییەکانیش ھەریەکە ملیۆنێک بەرمیلیان بار کردووە، رۆژانە نزیکەی ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیھان دەکرێ و مەزەندە دەکرێ نزیکەی ١.٨ ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەندەری جەیھان ھەبێ و تانکەرەکانی بەندەری جەیھان توانای ھەڵگرتنی زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیلیان ھەیە."
بۆ ھەر بەرمیلێک لەو نەوتەی کە لە لایەن تورکیاوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێ، دۆلارێک بە تورکیا دەدرێ.