Ramal Mahmood
12 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
ئەنقەرە – AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم بەتوندی ئیدانەی رێگەنەدان بەوەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی وڵاتەکەی، فاتمە بەتول سایان کایا کرد بۆ چوون بۆ ناو کۆنسوڵخانەی تورکیا لە شاری رۆتردام و، رایگەیاند "ئاماژەمان بەوەدا کە بەتوندترین شێوە وەڵامی کاربەدەستانی هۆڵەندا دەدەینەوە. بەهەمان شێوە وەڵامی ئەوە دەدەینەوە کە بەرامبەر تورکیا و وەزیرێکی تورکیا ئەنجامیان دا لە کاتێکدا مافی پارێزبەندی دیپلۆماسی هەیە".
بینالی یڵدرم لەمبارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و بەبیری هێنایەوە کە وەزیری ناوبراو بەمەبەستی زانیاریدان هاووڵاتییانی تورکی هۆڵەندانشین لە گشتپرسی ١٦ی نیسان چووەتە هۆڵەندا بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە رێگەی نەداوە فاتمە بەتول سایان کایا لەگەڵ هاووڵاتییان کۆببێتەوە و رایگەیاند: "بەمجۆرە ئابڕوچوونێکی گەورەی دیموکراتییان نیشان دا. ئەم رەوشە بەتوندترین شێوە لەلایەن ئێمەوە ئیدانە کرا. ئاماژەمان بەوەدا کە بەتوندترین شێوە وەڵامی کاربەدەستانی هۆڵەندا دەدەینەوە. وێڕای پەیوەندیکردن لەگەڵ لایەنە دیپلۆماتییەکان لە ئاستی جیا جیادا چارەسەرێکی گونجاویان نەدۆزیەوە و وەزیرەکەمانیان ناچار کرد بێ ئەنجامدانی کۆبوونەوە هۆڵەندا بەجێ بهێڵێت. دۆستە ئەورووپاییەکانمان کە لە هەر دەرفەتێکدا باسی دیموکراسی، ئازادی رادەربڕین، مافەکانی مرۆڤ دەکەن، لەبەرامبەر ئەم رووداوەدا جارێکی دیکە هەرەسیان هێنا. پێویستە گەلە خۆشەویستەکەمان بزانێت ئەم کارەی بەرامبەر تورکیا و وەزیرێک کە پارێزبەندی دیپلۆماتی هەیە کردیان قبووڵ ناکرێت و بەهەمان شێوە وەڵام دەدرێتەوە. داوا لە هاووڵاتییانی ئەورووپانشین دەکەین بەوریاییەوە مامەڵە بکەن و هەرگیز پەنا نەبەنە بەر رووداوی وێرانکاری. باشترین وەڵامی ئەو کارە نابەجێ و فاشیستە پێویستە لە ١٦ی نیسان لەسەر سندوق بدرێتەوە. ئەم رووداوە و رووداوەکانی هاوشێوەی یەکڕیزی و پێکەوەیی گەلەکەمان بەهێزتر دەکات و دەشبێتە هۆی ئەوەی دۆستی راستەقینە و دوژمنەکانمان لە نزیکەوە بناسین. بەهۆی هەڵوێستی نەتەوەیی سەرکردەی پارتە سیاسییەکان بەرامبەر ئەم رەوشە وەک سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا سوپاسیان دەکەم. هەست دەکرێت هۆڵەندا کێشەی سیاسیی ناوخۆیی هەیە. لە ١٤ی مانگ هەڵبژاردن هەیە لەوێ. پێموایە ئەم کێشەیە بەتەواوی لە سیاسەتی ناوخۆیی هۆڵەنداوە سەرچاوە دەگرێت بەڵام هۆکارەکی هەرچییەک بێت بەهیچ جۆریک قبووڵ ناکرێت و بەتوندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە".