Muhammet Kurşun
08 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان بینالی یڵدرم رایگەیاند: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە لەپرسی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تیرۆر بە هیچ شێوەیەک نەرمی نانوێنین و وازی لێ ناهێنین. تا کەی؟ تا ئەو کاتەی کە هاووڵاتیانمان لە هەموو شوێنێکی ئەم نیشتمانە لە ئارامی و لە ئاسایشدا بژین و بە ئاسوودەیی بگەڕێن و ژیانی خۆیان ببەنە سەر، تا ئەو کاتە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامی دەبێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کاتی بەربانگدا کە لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان لە سەر لیستی ئاک پارتیدا کۆببوویەوە، ئاماژەی بە رووداوە تیرۆریستییەکەی شارۆچکەی میدیات سەر بە پارێزگای ماردین دا و جگە لە ناردنی رەحمەت بۆ قوربانیان، هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
سەرۆکوەزیران یڵدرم رایگەیاند: "راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە رێکخراوی تیرۆریستی دەبیسین کە 'ئامادەم چەک دابنێم و دانوستان بکەم'، هیچ شتێکمان نییە بۆ قسەکردنی لەسەری".
یڵدرم گوتی: "هاوڕێیان هێچ شتێک نییە بۆ قسەکردنی لەسەری. ئەوەی ئێمە وازی لێ ناهێنین، ئاڵاکەمان، نیشتمانەکەمان، نەتەوەکەمان و کۆماری تورکیایە. 780 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەمان یەک پارچەیە و بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە. 79 ملیۆن برا و خۆشکین. نەتەوەکەمان بە ئاگاییەوە بەیەکەوە دەژین. ئەگەر لەسەر ئەم پرسانە دەتانەوێ قسان بکەین فەرموون با بیکەین. ئەگەر پێتان وایە وڵاتەکەمان، خەڵکەکەمان بە تیرۆر و تۆقاندن دەبەزێنن، ئەوە داوای لێبووردن دەکەین بە هیچ شێوەیەک سەرناکەون. لە مانگی رەمەزان ئەنجامدانی ئەم کردەوانە راستی ناخ و باوەڕی ئەوانە دەردەخات کە لە ناو و دەرەوە پشتیان بە چی بەستووە. خەڵکەکەمان ئەم پرسیارەیان رووبەڕوو دەکەنەوە".
سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە وەک یەک نەتەوە رووبەڕووی تۆڕە تیرۆریستییەکان دەبنەوە و لە رۆژەڤی تورکیا دەیانسڕنەوە.