یاشار گولەر: "قۆناغی تورکیای بێ تیرۆر ڕەوتێکی فرە ڕەهەندە کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان بەدی دەهێنێت"
وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر: "قۆناغی "تورکیای بێ تیرۆر" لە ژێر سەرکردایەتی و ڕوانگەی ستراتیژی سەرکۆمارمان بۆ چارەسەری کێشەی تیرۆر، ڕەوتێکی گرنگی فرە ڕەهەندە کە ئاسایش و سەقامگیری نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەمان بەڵکو بۆ ناوچەکەشمان بەدی دەهێنێت".
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر ڕایگەیاند، هەر کاتێک پێویست بکات لە سووریا دەست بە ئۆپەراسیۆن دەکەن و گوتیشی، "کاتێک دەستمان بە ئۆپەراسیۆن لە سووریا کرد، ئەمریکا و ڕووسیاش لەوێ بوون. ئێمە ئەرکێک کە پێویست بکات ئەنجامی دەدەین بە بێ ئەوەی پرس بە کەس بکەین".
یاشار گولەر لە میانی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی ساڵانە کە لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەڕێوەچوو، لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکان کۆبوویەوە و قسەی کرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر ڕایگەیاند، قۆناغی "تورکیای بێ تیرۆر" لە ژێر سەرکردایەتی و ڕوانگەی ستراتیژی سەرکۆمارمان بۆ چارەسەری کێشەی تیرۆر، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە وزەی ئێمەی سەرقاڵکردووە و گەورەترین کێشەی وڵاتەکەمانە، دەستی پێکردووە و ڕەوتێکی گرنگی فرە ڕەهەندە کە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی نەک تەنیا بۆ وڵاتەکەمان بەڵکو بۆ ناوچەکەشمان بەدی دەهێنێت. لە ئێستادا وەک هێزە چەکدارەکانی تورکیا، شانازی ئەزموونی ئەرێنی کۆتایی هێنان بە تیرۆر تێدەپەڕێنین.
یاشار گولەر لەم بارەیەوە هەروەها گوتی، لە ئێستادا ئەم ڕەوتە بە شێوەیەکی پارێزگارانە و لۆژیکی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەڕێوە دەبەین و بە هەستیاری و بەرپرسیارێتییەوە کە سەرچاوەکەی ڕەسەنایەتی دەوڵەتەکەمانە، کاروبارەکان ئەنجام دەدەین.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە، ڕێگە نادەن هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە تایبەتی پەکەکە/یەپەگە/هەسەدە، ڕیشە لە ناوچەکەدا دابوکتێت و چالاکییەکانی لە ژێر ناوی جۆراوجۆر بەڕێوە ببات و گوتیشی، ڕێگە بە هیچ ڕێکخستنێکی تیرۆریستی نادەین کە خۆی بکاتە دیفاکتۆ لە ناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی تورکیا باس لە هەوڵەکان بۆ پەراوێزخستنی تورکیا لە دەریای ئیجە و دەریای سپی کرد و گوتی، "بە پێداگرییەوە لە هەر دەرفەتێکدا ئەوە دووپات دەکەینەوە کە هیچ هەوڵێک بۆ پەراوێزخستنی وڵاتەکەمان و یان لەبەرچاونەگرتنی ماف و ڕەوایەتیمان لە دەریای ئیجە و دەریای سپی سەرکەوتوو نابێت و لەم ئاراستەیەدا بە هەمان هەستیارییەوە بەرگریی دەکەین لە ماف و بەرژەوەندییەکانی کۆماری تورکی قوبڕسی باکوور".
هەر لەبارەی پرسی کۆماری تورکی قوبڕسی باکووریشەوە، یاشار گولەر گوتی: "بە ئاشکرا بە هەموو هاوتاکانی خۆمان لە جیهاندا ئەو ڕاستییەمان ڕاگەیاندووە کە تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە، سەقامگیر و بەردەوام لە دوورگەکەدا، بە فەرمی ناسینی پێگەی نێودەوڵەتی یەکسان و سەربەخۆی تورکەکانی قوبرس و ڕێگەچارەی دوو دەوڵەتییە".
بەشێکی دیکەی قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر، تایبەت بوو بە پرسی غەززە و لەم بارەیەوە گوتی: "بەردەوامی ئاگربەست لە غەززە پەیوەنیدارە بە گەرەنتی ئاسایش و کاریگەر کە لە گۆڕەپان و لەسەر مێزەکانی دانوستان بەدی دێت. لە ڕاستیدا هێرشەکانی ئیسرائیل ئەو ڕەوتە پێشێل دەکەن و بەو پێیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە هەڵوێستێکی پێداگرانەی هەبێت بۆ پێشگرتن لەو پێشێلکارییانە".
لەبارەی ئاڵۆزییەکان لە دەریای ڕەش، یاشار گوکەر گوتی، "ڕووداوەکانی ئەم دوایانە لە ناوچەی ئابووری ئێمە و خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە لە ١٥ی کانوونی یەکەم، دەرخەری ئەوەیە کە تەنانەت ئەگەر ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی دەریای ڕەش بگەیەنینە کەمترین ئاستی خۆی، بەڵام هەمدیسان پێویستمان بە بەرقەرارکردنی ئاشتییەکەی بەردەوام لە ناوچەکەدا هەیە".
وەزیری بەرگریی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووبارە باسی سووریای کرد و وێڕای ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان لە سووریا، گوتی: "ئێمە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە کاتێک دەستمان بە ئۆپەراسیۆن لە سووریا کرد، ئەمریکا و ڕووسیاش لەوێ بوون. ئێمە ئەرکێک کە پێویست بکات ئەنجامی دەدەین بە بێ ئەوەی پرس بە کەس بکەین، ئەوە تەواوی دەکەین. لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بکات، بە بێ پرسکردن بە کەسێک ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
لەبارەی پلانی کڕینی ٢٠ فڕۆکە جەنگییەکانی Eurofighterی بەریتانیا، یاشار گولەر گوتی، شەش دانەیان لە ساڵی ٢٠٣٠، هەشت دانەیان لە ساڵی ٢٠٣١ و شەش دانەکەی دیکەش لە ساڵی ٢٠٣٢ دەخرێنە خزمەت سوپای تورکیاوە.
هەر لەم بارەیەوە وەزیری بەرگریی تورکیا ڕاشیگەیاند کە لە نزیکترین دەرفەتدا ئەرکی فێرکاری فڕۆکەوانەکان، چاککردنەوە و پاراستنی فڕۆکە جەنگییەکانی Eurofighterی بەریتانیا لە قەتەر و عوممان دەست پێ دەکەن.
یاشار گولەر گوتیشی، لە فڕۆکە جەنگییەکانی Eurofighterدا کەڵک لە پڕۆگرام و تەقەمەنی دەستکردنی تورکیا وەردەگرن.
