Muhammet Ali Kemal
29 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2016
پاش پێنج سەعات لە هێرشە تیرۆریستییەکەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، تێرمیناڵەکانی فڕۆکەخانەکە بەشێوەیەکی ئاسایی دەستیان بە کارکردن، کردەوە.
ئەو سەرنشینانەی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهانەوە هاتبوون و بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەوە ماوەیەک لە نێو فڕۆکەکاندا ناچار بە چاوەڕوانیی کران، دواتر لە رێگەی تێرمیناڵی نێودەوڵەتیییەوە بەرەو چوونەدەرەوە رێنوێنی کران. هاوکات سێ فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکی لە سەعات ٤:٠٠ەوە لە فڕۆکەخانەکە نیشتنەوە.
یەکێک لە سەرنشینەکان بە ناوی عەدنان مەجید کە لە شاری لیۆنی فەڕەنساوە هاتبوو، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد لەدوای ئەوەی فڕۆکەکەیان نیشتووەتەوە، بۆ ماوەیەک چاوەڕێیان کردووە. هاوکات لەلایەن تیمی فڕۆکەکەوە زانیارییان سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکە پێ دراوە و گوتی: ''زانیارییان پێداین بەڵام دوای ئەوەی کە بیسترا تەقینەوە بووە، ناچار بووین لە فڕۆکەکەدا چاوەڕێ بکەین''.
لە کاتێکدا پاش هێرشەکە ژیانی ئاسایی بۆ فڕۆکەخانەی ئەتاتورک گەڕایەوە بەڵام کۆکردنەوەی داروپەردووەکان بەردەوامە. کرێکارەکان بە هاوکاری ئۆتۆمبیلی جۆراوجۆر سەرگەرمی پاککردنەوەی تێرمیناڵەکەن. ئەو پەنجەرە و پێداویستییانەی لە نهۆمی هاتن و چوون شکاون و زیانیان بەرکەوتووە، لێدەکرێنەوە و نوێ دەکرێنەوە.