Serdar Açıl,Selahattin Erol,Halil İbrahim Sincar
08 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2016
لە ئەنجامی هێرشەکەی شارۆچکەی میدیاتی سەر بە پارێزگای ماردین کە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە کرایە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە شارۆچکەکە، پۆلیسێک و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا و ٢٣ کەسی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، چەکدارانی پەکەکە لە رێگەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژ کراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش لە شارۆچکەی میدیات کە دەکەوێتە گەڕەکی باخچەلی ئەڤلەری شارۆچکەکە.
بەپێی ئاماری سەرەتایی لە ئەنجامی هێرشەکەدا پۆلیسێک و هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش کە ژمارەیەکیان هاووڵاتی سڤیلن برینداربوون. ژمارەیەک لە بریندارەکان دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی گشتیی میدیات چارەسەریی سەرەتاییان بۆ کرا، بۆ نەخۆشخانەی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەر گوازرانەوە.
هاوکات تیمەکانی ئافاد نێردرانە شوێنی رووداوەکە و ئەوەش زانراوە کە ئەو شەقامەی هێرشەکەی لێ ئەنجامدراوە یەکێکە لەو شەقامانەی هاووڵاتییانی سڤیل بەشێوەیەکی بەرچاو، لەوێ دەبن.
ئەمە جگە لەوەی بەهۆی هێزی تەقینەوەکەوە، ژمارەیەک بینای دەوروبەر زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.