Zehra Aydın Turapoğlu
01 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2022
پەرلەمانی تورکیا - AA
پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی کۆجائەلی، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند "پێویستە پەکەکە بەتەواوی چەک دابنێت و لە یەکی ئەیلوول، رۆژی ئاشتی کێشەکانمان لە پەرلەمان چارەسەر بکەین".
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە پەرلەمانی تورکیا، ئەوەی وەبیرهێناوە کە ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی ئاشتییە، نابێت مرۆڤایەتی ئەم دەرفەتە لەدەست بدات کە لە ساڵێکدا جارێک بۆی دەڕەخسێت.
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە بە ئاماژەدان بەوەی کە رەنگە کێشە و شەڕ لەنێوان کۆمەڵگا و تاکەکاندا لە جیهاندا رووبدات، وەبیری هێنایەوە کە ئامانجی مرۆڤایەتی هەمیشە گەیشتن بە ئاشتی بووە.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە کە خەڵک بەدەست جەنگ و ململانێکانەوە ئازارێکی زۆر دەچێژن، گوتی: "هەموو کات جەنگ زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت و ئاشتی خۆشی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئێمە دەزانین کە لە تورکیادا بەهۆی جیاوازی بیروباوەڕی ئایینی و نەتەوەیی کێشە و ململانێ هەیە. پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە. لە یەکی ئەیلوول رۆژی ئاشتیدا دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە بەزووترین کات ئەو ململانێیانەی بەهۆی پرسی کوردەوە سەرهەڵدەدەن، کۆتایی پێ بێت".
ناوبراو راشیگەیاند، ئەو رێکخراوانەی لە ململانێیەکی چەکدارییدان دەبێت بەتەواوی چەک دابنێن و گوتیشی: "پێویستە پەکەکە بەتەواوی چەک دابنێت و لە یەکی ئەیلوول، رۆژی ئاشتی کێشەکانمان لە پەرلەمان چارەسەر بکەین. ململانێ و کوشتن و خوێنڕشتن سوودی بۆکەس نییە، ئێستا لە قۆناغێکداین کە دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە".