Halil İbrahim Sincar
16 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2022
ماردین – AA
ژمارەیەک لە ژنانی ماردین لە رێگای فرۆشتنی ئەو جاترە کێوییەی کۆی دەکەنەوە، داهات بۆ خۆیان پەیدا دەکەن.
ژمارەیەک لە ژنان سەرلەبەیانی زوو لە هەردوو مانگی نیسان و ئایاردا، دەچنە ناوچە شاخاوییەکانی دەورووبەری شارۆچکەی یەشیللی و دەست دەکەن بە لێکردنەوە و کۆکردنەوەی جاترەی کێوی.
دوای کۆکردنەوە و هێنانەوەی، ژنان جاترەکە دەشۆنەوە. بەشێک لە جاترەکە لە ئاوی سوێردا دەهێڵنەوە و بەشەکەی دیکەیش وشک دەکەن و لە رێگای کۆمەڵەی هاریکاریی گەشەپێدانی کاری ژنان رەوانەی زۆرێک لە پارێزگاکانی تورکیای دەکەن.
کۆمەڵەکە ٣٣٠ کیلۆگرام جاترەی لە ئاوی سوێردا هێڵدراوە بە ٣٧،٥٠ لیرە دەفرۆشێت و ٨٠ گرام جاترەی وشککراویش بە ٢٥ لیرە دەفرۆشێت.
- "جاترەکە بەتەواوی سروشتییە و بە ئاوی باران رەنێو هاتووە"
ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی هاریکاریی گەشەپێدانی کاری ژنان، رەنگین یاڤوز رایگەیاند کە کۆمەڵەکە لەلایەن ١٣ ژنەوە دروست کراوە و لە وەرزی کۆکردنەوەی جاترەدا نزیکەی ٣٠ ژن سوودی لێ دەبینین، گوتی: "بەم جۆرە ژنان هەم رۆڵیان لە بەرهەمهێناندا دەبێت، هەروەها بەشێک لە داهاتیش بۆ ماڵەوەیان دابین دەکەن".
یاڤوز جەختی لەوە کردەوە کە جاترەکە بەتەواوی سروشتییە و لەنێو سروشتدا بە ئاوی باران بۆ خۆی رسکاوە، گوتی: "تامێکی زۆر خۆشی هەیە و داواکاری زۆر لەسەرە. لەوانەیە ئەمساڵ نزیکەی پێنج تۆن جاترە کۆ بکەینەوە. وێڕای ئەوەی ساڵی رابردوو یەک تۆنمان کۆکردەوە، بەڵام بە ١-٢ مانگ تەواو بوو. لە هەموو پارێزگاکانی تورکیا داواکاری لەسەرە".
ئەندازیاری کشتوکاڵیی، ئەمینە دەنیز ئاماژەی بەوە دا کە وەک هاوکارییەک بۆ ژنان بە کۆمەڵ هاتوون بۆ ئەوەی لەگەڵ ژنانی زەحمەتکێش جاترە کۆ بکەنەوە، پێشنیاز بۆ هەموو کەسێک دەکات ئەم رووەکە تەندروستە بەکار بهێنن.
نەباهەت کورشات کە یەکێکە لەو ژنانەی بەو کارەوە سەرقاڵە، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە جاترە لە میانی مانگێکدا کۆ بکرێتەوە، بۆیە دەبێت بە هەستیارییەکی زۆرەوە جاترە کۆ بکەنەوە و پێشنیازیشی کرد هەموو کەسێک جاترەی کێوی بەکار بهێنێت.