ئەنقەرە
کورتوڵموش بەشداریکرد لە ١٧مین کۆنگرەی مێژووی تورکدا کە لە لایەن دەزگای مێژووی تورکەوە بەڕێوەدەچێ.
لەو کۆنگرەیەدا کورتوڵموش گوتارێکی پێشکەشکرد و ئامەژی بەوەکرد کە یەکەم کۆنگرەی دەزگاکە لە ساڵی ١٩٣٢دا بەڕێوەچووە و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشی کرد کە سەرقاڵبوون بە ئامادەکردنی کۆنگرەی ١٧مەوە، هیواشی خواست لە ماوەیەکی کەمدا هەموو ئەو فیکر و بیر و بۆچوونانەی باسیان لێوە کراوە بکرێن بە کتێب.
کورتوڵموش گوتی: "ئیمە تەنیا بۆ گوتە باس لە تورکیای نوێ ناکەین، دەستەواژەی تورکیای نوێ تەنیا بۆ نیشاندانی ئەو میکانیزمە نییە کە گەلی تورکیا و دەوڵەتەکەی تیادا یەک دەخا، ئەمە پێناسەیەک نییە، بەڵکو قۆناغێکە کە تیایدا تورکیا لەگەڵ رەچەڵەکەکانی خۆیدا و لەگەڵ شارستانییەتی خۆیدا بە زمان و بە دڵ بەیەک شادەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا تورکیای نوێ سەرەتای قۆناغی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە. رۆژهەڵاتی نوێش سەرەتای دونیایەکی نوێیە."
کورتوڵموش باسی لەوەکرد کە یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە بریتیە لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دادپەروەری و ئاشتی و پێکوەژیان .
کورتوڵموش گوتی: "لەم چوارچێوەیەدا تەنیا ناکرێ بەس مێژوو بخوێنرێتەوە، بەڵکو دەبێ ئەو وانانەی کە وەریدەگرین لە مێژوودا لەناو دونیای ئەمڕۆماندا رەنگبدەنەوە، کە دەبێ سوود لە وانەکانی وەربگرین و تەواوی دونیاش سوودی لێوەرگرن."
گوتیشی: "تورکیا لەم جوگرافیایەدا پێویستە زمانێکی نوێ و تێڕوانینێکی نوێ یان پێشبینییەکی نوێ بهێنێتە ئاراوە و لەوبارەیەوە سەرجەم سیاسییەکان و رۆشنبیران و زانایان و لێکۆڵەران و زانکۆکان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەئەستۆدایە."