Muhammet Ali Kemal
21 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''ئەوەی کە چەندین ساڵ وەک 'مەرجەکانی یەكێتیی ئەورووپا' بەسەر ئێمەیاندا سەپاند، ئێستا هەموویان خستووەتە ژێر پێیانەوە. با 16ی نیسان بێت و تەواوبێت، ئەوکاتە دادەنیشین و قسە دەکەین. ناکرێت ئەو دۆخە بەو جۆرە بێت، هەرچییەکیش پێویست بکات، ئێمە وەک تورکیا ئەنجامی دەدەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی پرۆگرامی ''دارستان بۆ مرۆڤ، دارستان بۆ ئابووری'' کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:
''ئەوەی کە چەندین ساڵ وەک 'مەرجەکانی یەكێتیی ئەورووپا' بەسەر ئێمەیاندا سەپاند، ئێستا هەموویان خستووەتە ژێر پێیانەوە. با 16ی نیسان بێت و تەواوبێت، ئەوکاتە دادەنیشین و قسە دەکەین. ناکرێت ئەو دۆخە بەو جۆرە بێت، هەرچییەکیش پێویست بکات، ئێمە وەک تورکیا ئەنجامی دەدەین''.
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بەو بانگەشانەی کە لەبارەی گۆڕانکاری دەستوورەوە، دەگوترێن، رایگەیاند ''پێرێ دەڵێت 'سەرکۆماری دەتوانێت هەموو رێستۆرانتەکان دابخات'. ئەی خاوەن دوکانەکان، درۆ و فشەش سنووری خۆی هەیە. درۆکانی ئەم، وەستانیان بۆ نییە. ئێستا چاوەڕێی ئەوەم نۆرەی وەستاکانی بۆیاخ، نانەواکان و ئەو کەسانە بێت کە گوڵەبەڕۆژە دەفرۆشن. ئێمە سیستمی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ئەوە ناهێنین کە هیچ شوێنێک دابخەین، بەڵکو بۆ ئەوەی دەهێنین کە رێگە لەبەردەم وڵات و گەلدا بکەینەوە''.
دواتر گوتی: ''تکام لە گەلەکەم ئەوەیە، گوێ لە وڕێنەکانی ئۆپۆزسیۆن نەگرن. ئایا ئەگەر ئێمە باوەڕمان وا نەبێت کە لە رێگەی گۆڕانکاریی لە دەستووردا و هێنانی سیستمی نوێ، سوود بەوڵات و گەلەکەمان دەگەیەنین، کارێکی لەوجۆرە ئەنجام دەدەین؟''.
سەبارەت بەهەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد بۆ ئەوەی کە رێگە نەدەن وەزیرەکانمان بچنە وڵاتەکانیان، هەموو رێكکەوتننامە دیپلۆماسییەکان پێشێل دەکەن و تەنانەت دەگەنە ئەوەی لەماوەی دوو کاتژمێردا، باری نائاسایی رابگەیەنن و گوتی:'' لە ئەورووپا شارەوانییەکان دەتوانن باری نائاسایی رابگەیەنن، بەڵام ئەو باری نائاساییەی ئێمە رامانگەیاندووە، ئەو بەڕێزانەی ناڕەحەت کردووە. ئێوە خەریکی کاری خۆتان بن''.
راشیگەیاند: ''ئەورووپییەکان سەرەتا لە کێشەی سووریادا و دواتریش لە بابەتی 16ی نیساندا لە رێگەی ئەو هەڵوێستانەوە کە نیشانیاندا، دەمامکەکانیان بەدەستی خۆیان هێنایە خوارەوە''.