Müzahim Zahid Tüzün
26 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2024
قەیسەری - AA
لە قەزای ئاکشلا لە پارێزگای قەیسەری، شوانێکی تەمەن ٨٠ ساڵان کە لە کوێستان ونبوو بوو، لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە ڕزگارکرا.
بەپێی زانیاری دەستکەوتوو، سەعدەددین دەمیرکۆل تەمەن ٨٠ ساڵان کە بەهۆی بەفر و کڕێوەوە لە کوێستانی نزیک ناوچەی گۆمورگەن گیریخواردبوو، تیمەکانی فریاگوزاری بەپەلە لە بارەی بێ سەروشوێنبوونیەوە ئاگادار کرانەوە.
پاش گەیشتنیان تیمەکانی ئافاد، فریاگوزاری بەپەلە و جەندرمە دەستیان بە هەڵمەتی گەڕان و ڕزگارکردن کرد.
تیمەکان لە دوای ٢٤ کاتژمێر لە گەڕان دەمیرکۆل و مەڕوماڵاتەکەیان ڕزگارکرد.
باس لەوە کرا کە دەمیرکۆلی شوان دۆخی تەندروستیی باشە و، ئاژەڵەکانیشی بە تراکتۆر گواستراونەتەوە بۆ قەزاکە.
دەمیرکۆل باسی لەوە کرد کە بەهۆی کڕێوەوە ئاژەڵەکانی جگە لە سەریان بەشێکی زۆری جەستەیان کەوتبووە ژێر بەفرەوە و خۆیشی بۆ ئەوەی لە سەرمادا ڕەق نەبێتەوە بەردەوام لە نێو مەڕەکانیدا هاتوچۆی کردووە.
هەروەها دەمیرکۆل ئاماژەی بەوە کرد کە خواردن و خواردنەوەی لا نەماوە و گورگیش لێیان نزیک بووەتەوە و، گوتی: ''لەنێو مەڕەکاندا دەگەڕام ئەگینا لەسەرمادا ڕەق دەبوومەوە. وەک شێرم".
دەمیرکۆل سوپاسی تیمەکانی کرد کە خۆی و ٦٥ سەر ئاژەڵیان ڕزگارکردووە.