توركيا

چاوپێكه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی بی سی ئه‌مریكی

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە مانەوەی ٢٠ ساڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ناوچەکە نەبووە شوێنێکی پارێزراو. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ناوچەکە رۆژ لە دوای رۆژ خوێنی زیاتری لەبەر رۆیشت".

Dildar Baykan Atalay  | 27.09.2021 - نوێکردنەوە : 27.09.2021
چاوپێكه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی بی سی ئه‌مریكی

Washington DC

واشنتۆن- AA

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەمەبەستی بەشداریی کردن لە ٧٦ھەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بوو، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ئەنجامدا و باسی پێشھاتەکانی ئەفغانستان و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-ئەمریکای کرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری بەرنامەی "Face the Nation"، مارگەرێت برێنانی دایەوە.

ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ناوچەکەی نا سەقامگیرتر کردووە؟ رایگەیاند: "بە مانەوەی ٢٠ ساڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ناوچەکە نەبووە شوێنێکی پارێزراو. بەڵکو تەواو بە پێچەوانەوە، ناوچەکە رۆژ لە دوای رۆژ خوێنی زیاتری لەبەر رۆیشت".

سەبارەت بە فڕۆکەخانەی حامید کارزای-یش، سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشنیازی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکەیان پێ دراوە و لەبەرامبەردا داواکارییان ھەبووە، یەکێک لە داواکارییەکانیش بریتی بووە لە رادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکانی نێو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ لە لایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، بەڵام سەرجەم کەلوپەل و چەک و تەقەمەنییەکان لە فڕۆکەخانەکە، رادەستی تاڵیبان کراون و رایگەیاند: "لە ئێستادا تاڵیبان بە چەکی ئەمریکاوە دێن و دەچن. پێویستە ئەم راستییانەش ببینرێن".

رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "بەڵام ئێمە بە ھەندێک شت راھاتووین. ئەو رێکخراوە تیرۆرریستییانەش کە پەلاماری تورکیا دەدەن، بەداخەوە پشتیوانیی زۆر جددیی چەک و تەقەمەنییان لە ئەمریکاوە پێگەیشت. ئەم دۆخە لە حکوومەتی پێشووشدا بە ھەمان شێوە بوو، لە ئێستاشدا بەو شێوەیەیە. سەرەتا پێویستە ئەو جۆرە پشتیوانییانە لەرووی چەکەوە لە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە نەکرێت".

- "ئەو پشتیوانییەی کە ھیچ کەس لە ئەفغانستانی نەکردووە، ئێمە کردوومانە"

ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ھێشتا لەسەر ھیچ بابەتێک لەگەڵ تاڵیباندا رێکنەکەوتوون و سەربازەکانی سوپای تورکیا و ھاووڵاتییانیان گەڕاندووەتەوە و رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ گەلی ئەفغانستاندا پێکەوەییەکی مێژووییمان ھەیە. ئەو پشتیوانییەی کە ھیچ کەس لە ئەفغانستانی نەکردووە، ئێمە ھەمیشە کردوومانە. بۆ لەمەودواش بەردەوام دەبین لەسەری".

لەبارەی ئەوەی کە ئایا تورکیا ھاوکاریی و پشتیوانیی تەکنیکی تاڵیبان دەکات بۆ کارپێکردنی فڕۆکەخانەی حامید کارزای یان نا، و ھەڵوێستی ئەنقەرە لەبارەی حکوومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان چییە، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "لە ئێستادا حکوومەتی ئەفغانستان، حکوومەتێکی گشتگیر و ئامێزگرەوە نییە. مەحاڵە بۆ ئێمە ھەنگاوێک بھاوێژین لەگەڵ حکوومەتێکدا کە گشتگیر نییە بەڵام ئەگەر حکوومەتەکە گشتگیر بێت، ئەوا ئێمەش وەک تورکیا بوونمان دەبێت لەوێ".

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی وەرگرتنی پەنابەرە ئەفغانییەکان لە وڵاتەکەی، رایگەیاند: "بۆ لەمەودوا لە تواناماندا نییە کە ھێشتا پەنارە ئەفغانییەکان وەربگرین. بەروونی دەیڵێم، دەروازەی ئێمە، کاروانسەرای سەر رێگا نییە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن