Abdullah Shukur
31 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2018
ڤیەننا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە کار دەکەن بۆ رێگریکردن لە ئەگەری ھێرشی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر ناوچەی ئیدلب باکووری سووریا. گوتیشی: "ھێرشێکی لەم جۆرە بۆ سووریا و ئیدلب دەبێتە مایەی کارەسات".
چاوشئۆغڵو بەر لە کۆبوونەوەی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە سویسرا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ھەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژەڤ کرد.
چاوشئۆغڵو گوتی: "نیگەرانی لەبارەی ئەگەری ھێرشکردن بۆ سەر ئیدلب ھەیە، ئێمە ھەوڵی خۆمان خستووەتە گەڕ بۆ راگرتنی ئەم ھێرشە. ھەروەکو دەزانن، لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت سەردانی مۆسکۆمان کرد. ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف سەردانی تورکیای کرد. لە پاڵ ئەمەش لووتکەیەکی سێقۆڵی هاوشێوەی سۆچی لە ئێران ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ ھاوتاکانی دیکەشمان قسە دەکەین. ھێرشێکی لەم جۆرە بۆ سووریا و ئیدلب دەبێتە مایەی کارەسات".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسی سڤیل لە ئیدلب دەژین و گوتیشی: "لێرەدا گرووپێکی توندڕەو ھەیە. ئێمە ھەر لە سەرەتاوە ئەوە دەزانین. بە تایبەتی لە حەلەب و شوێنەکانی دیکەوە نێردراون. پێویستە بە یەکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم گرووپە لەوانی دیکە جیا بێتەوە و لە چالاکی بخرێ. کاریگەرترین و باشترین رێگە ئەمەیە. بە پێچەوانەوە کێشەی جددی لە رووی چارەسەری سیاسی، داھاتووی سووریا، ئاسایش و دۆخی مرۆیی سەرھەڵدەدات".