ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا، باسی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکارەکەی دایەوە.
لەبەرامبەر هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە داعش و مەترسی سەرهەڵدانەوەی گروپێکی دیکەی لەوشێوەیە. جاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە "تا رژێمی ئەسەد لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ناوچەکە بەردەوام هەر لەو تەنگەژەیەدا دەبێت و کەس ناتوانێت ناوچەکە پاک بکاتەوە لە تیرۆریستان".
هاوکات چاوشئۆغڵو لەبەرامبەر ئەو مشتومڕانەی لەسەر گواستنەوەی پێشمەرگە بە خاکی تورکیادا دەکرێت بۆ کۆبانێ و بە کارێکی "نایاسایی و نەگونجاوی" دەزانن، ناوبراو رایگەیاند: "ئەگەر کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بە پێشمەرگە با هۆکارەکەی بڵێن، چونکە پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە. دواتر با بچن مۆڵەتی رێگەپێدانی ئۆپەڕاسیۆنی سەر سنوور بخوێننەوە کە لە پەرلەمان دەرچووە".
لەبەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە نزیک بوونەوەی تورکیا و رووسیا دەکەن دوای ئەوەی هەردوو وڵات چەند رێککەوتنێکیان ئیمزا کردووە، سەرەڕای ئەو ئابڵوقانەی رۆژئاوا و ئەمریکا بەسەر رووسیا، جاوشئۆغڵو رایگەیاند کە ئەوان هیچ کاتێک پەیوەندی خۆیان لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا بە ئەلتەرناتیڤی یەکتر نازانن.