Tuğba Altun,Sümeyye Dilara Dinçer,Salih Okuroğlu,Mustafa Deveci,Hozan Mohammed Jabbar
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە چوونەتە زۆر وڵات و بەتایبەت جیهانی تورک و ئاسیا و وڵاتانی بەلقان، رایگەیاند: "ئەوان هێندەی ئێمە گرنگی بە سەقامگیریی تورکیا دەدەن، چونکە بەهێزیی و کارابوونی تورکیا لەو ناوچانە بە واتای دادپەروەریی، گەشەپێدان و هاوکاری مرۆیی دێت".
مەولود چاوشئۆغڵو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بەو کۆبوونەوە دووقۆڵییەی کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ میسر لە ١٨ی ئاداردا لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی، سامیح شوکری ئەنجام دابوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە خاڵی وەرچەرخانی سەرەکی (لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ میسر) دیدارەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بوو لە دۆحە و لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر، سامیح شوکری و گوتی: "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان ئەنجام دا، کۆبوونەوەیەکی کراوە و دڵسۆزانە بوو".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لە میانی کۆبوونەوەکانیدا لە میسر پرسە ناوچەییەکانی وەک سووریا، عێراق، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران-سعوودیە، جەنگی ئۆکراینا-رووسیا، پرسی فەڵەستین، سۆماڵ و ئەسیوپیایان تاوتوێ کردووە و گوتی: "میسر کێشەی ئاوی لەگەڵ ئەسیوپیا هەیە، ئێمە هەمان کێشەمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ -ئێران، عێراق، سووریا- هەیە. لەو بابەتانەدا خاوەن ئەزموونین. بە بەرپرسانی میسرمان گوت دەتوانین هاوکاریی پێویستتان پێشکەش بکەین بە تایبەت ئەگەر لە نێوەندگیریدا پێویستتان بە یارمەتی هەبێت".
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چوونەتە زۆر وڵات و بەتایبەت جیهانی تورک و ئاسیا و وڵاتانی بەلقان و رایگەیاند: "ئەوان هێندەی ئێمە گرنگی بە سەقامگیریی تورکیا دەدەن، چونکە بەهێزیی و کارابوونی تورکیا لەو ناوچانە بە واتای دادپەروەریی، گەشەپێدان، هاوکاری مرۆیی دێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە پرسی ئەندامێتیی سوید و فینلاند لە ناتۆ، گوتی: "گوتمان ئێمە رێگە بەو کەسانە دەدەین ببنە ئەندام لە ناتۆ کە ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و رێککەوتنی سێقۆڵی جێبەجێ دەکەن، بەڵام رێگە بەو کەسانە نادەین کە بە پێچەوانەوە هەنگاو دەنێن".
مەولود چاوشئۆغڵو هەروەها لەبارەی پرسی دانپێدانانی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، رایگەیاند: "کار دەکەین بۆ دانپێدانانی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، گەڕانەوەی مافە دانپێدانراوەکان بۆ کۆماری تورکی قوبرسی باکوور".