Zana Natık Kerem
20 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە، ٢٠ ملیار دۆلار.
محەمەد شیاع سوودانی لە گوتارێکدا کە لەلایەن ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوکراتەوە باسی لەو دۆسیە گرنگانە کردووە کە لەسەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ-یان دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە "سەردانەکەمان بۆ تورکیا، گرنگییەکی تایبەتی ھەیە و ھاوکاتە لەگەڵ ئەو پێشھاتە ئەرێنیانەی کە لەئێستادا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی بەھێزکردنی ھاوکارییەکانی نێوان وڵاتان و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە تەواوکاریی ئابووریی، و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ ھاتوونەتە ئاراوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی "لە گفتوگۆماندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، جەخت لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەرجەم بوارەکاندا دەکەینەوە، ژمارەیەک پرۆژە لە کەرتەکانی وزە و گواستنەوە جێبەجێ بکەین، بۆ ئەوەی عێراق لەڕێگای پرۆژەی بەندەری فاوی گەورەوە، بکەین بە ناوەندێکی بازرگانیی جیھانیی لەنێوان ئەورووپا و ئاسیا، جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەیش لەگەڵ گەورە بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکەین".
محەمەد شیاع سوودانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە قەبارەی ئاڵوگوڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا کردووە و نووسیوویەتی "لەئێستادا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات، گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دۆلار".
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر کە بەشێکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بۆ پرسی ئاسایشی سنوور تەرخان دەکەن و رایگەیاندووە "لە گفتوگۆنماندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، باس لە ھاریکاریی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات دەکەین، بە تایبەتی ئەوەی کە پەیوەستە بە توندوڵترکردنی سنوور و ئاڵوگوڕیی زانیاری ھەواڵگریی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە گوتارەکەیدا لەبارەی پشکی ئاو جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆنیاندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە، بە گرنگییەوە باس لە کێشەی ئاو دەکەن و لەوبارەیەوە ھەوڵەکانی تورکیای بۆ زیادکردنی پشکی ئاو بۆ بەنداوەکانی عێراق، بەرز نرخاندووە.
بڕیارە سبەی سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بەیاوەری شاندێکی باڵای تەکنیکی بە ئامانجی تاوتوێ کردنی دۆسیەی ئاو، ھەروەھا پرسەکانی ئاسایشی سنوور و ھاریکاریی ئابووریی نێوان ھەردوو وڵات، سەردانی تورکیا بکات.