Nazlı Yüzbaşıoğlu
24 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە/تونس - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی هەموو جۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستیی و ئایدۆلۆجیاکانیان لەناوبەرێت. جا ئەمە داعش، پەکەکە، یان فەتۆ بێت هیچ جیاوازیی نییە".
مەولود چاوشئۆغڵو لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تونس، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، خەمیس جهیناوی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.
چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و رێکخراوە تیرۆریستییەکان گوتی: "بۆ ئێمە جیاوازیی لە نێوان رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا نییە. بۆ ئێمە شتێک بوونی نییە بەناوی تیرۆریستی چاک یان خراپ. هەموویان تیرۆریستن و پێویستە سەرجەمیان لەناوببرێن".
جەختی لەوەشکردەوە کە تورکیا زیاتر لە چوار هەزار تیرۆریستی داعشی کوشتووە و رایگەیاند "هیچ وڵاتێکی دیکە نا، تورکیا ئەمەی بەتەنها ئەنجامدا. لە سووریا زیاتر لە سێ هەزار و لە عێراقیش نزیکەی هەزار تیرۆریستی داعش لە لایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە کوژراون. تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی هەموو جۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستیی و ئایدۆلۆجیاکانیان لەناوبەرێت. جا ئەمە داعش، پەکەکە، یان فەتۆ بێت هیچ جیاوازیی نییە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەکردەوە ژمارەیەک لە وڵاتان جیاکاریی "چاک-خراپ" لە نێوان رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا دەکەن و گوتی: "بۆ ئێمە هیچ یەکێکیان لەوی دیکە جیاواز نیین، هەموویان ئامانجمانن. زۆر سوورین لەسەر لەناوبردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوخۆی تورکیا یان لە دەرەوە لە هەر جێگەیەک بن".
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە دۆخی لیبیا، چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد تورکیا داوای لە ناتۆ کردووە ئاستی مەشقەکانی لە لیبیا بەرزبکاتەوە و پشتیوانیی لە پڕۆسەی سیاسیی لەو وڵاتە بکات.