Muhammet Ali Kemal
12 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2019
ئه‌نقه‌ره- AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو سه‌باره‌ت به راده‌ستكردنی سیستمی S-400 ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد پرۆسه‌كه له‌سه‌ر رێچكه‌ی خۆی به‌رده‌وامه و رایگه‌یاند: "هیچ گرفتێك له ئارادا نییه. پرۆسه‌كه بۆ له‌مه‌ودواش به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌رده‌وامیی ده‌بێت".
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو له دوای كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و كۆبوونه‌وه‌ی شانده‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سویسرا، ئیگنازیۆ كاسیس، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان سازكرد.
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به گه‌یشتنی گرووپی یه‌كه‌م له پێداویستییه‌كانی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كیی و ئاسمانیی S-400 بۆ بنكه‌ی ئاسمانیی مورته‌د، چاوش‌ئۆغڵو رایگه‌یاند:
"(گرێبه‌ستی S-400) گرێبه‌ستێكه كۆتاییهاتووه و پرۆسه‌یه‌كه له‌سه‌ر رێچكه‌ی خۆی به‌رده‌وامه. ئێمه هه‌ماهه‌گی ئه‌م كارانه ده‌كه‌ین. چ مۆڵه‌تی فڕۆكه و چ مۆڵه‌تی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه دێن، پرۆسه‌كان له‌وباره‌یه‌وه درێژه‌ی هه‌یه. وه‌زاره‌تی بهرگرییشمان روونكردنه‌وه‌ی پێویستی دا. هیچ گرفتێك له ئارادا نییه. پرۆسه‌كه بۆ له‌مه‌ودواش به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌رده‌وامیی ده‌بێت".