Behlül Çetinkaya,Mustafa Deveci,Mehmet Şah Yılmaz
06 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە مانۆڕی سەربازیی یۆنان لە دوورگەکانی ئیجە رایگەیاند: ''پێویستە یۆنان واز لە پێشێلکارییەکان بهێنێت بەرامبەر پێگەی دوورگەکانی داماڵدراو لە چەک. یان یۆنان هەنگاو بۆ دواوە دەنێت و پابەندی رێککەوتنەکان دەبێت، یانیش ئێمە ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین''.
مەولود چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رۆمانیا، بۆگدان ئاوریسکو لە بینای وەزارەتی دەرەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا بۆ رۆژنامەنووسان دوا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو مانۆڕە سەربازییەی کە یۆنان لە دوورگەکانی رۆدۆس و میدیلی ئەنجامیان دەدات، گوتی: ''بەداخەوە یۆنان بەردەوامە لە شەڕانگێزییەکانی. بەدڵنیایییەوە ئێمە بەرامبەر ئەمە بێدەنگ نابین''.
مەولود چاوشئۆغڵو باسی لەوە کرد کە دوای ئەوەی یۆنان پێگەی دوورگە لە چەکداماڵدراوەکانی پێشێل کرد، تورکیا نامەی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەڵگەی یاسایی لە خۆگرتبوو، بەوەیش یۆنان تووڕە بوو، گوتیشی: ''ئەو دوورگانەی باسیان دەکەین و هەندێک دوورگە بە پەیماننامەکانی لۆزان ١٩٢٣ و ئاشتی پاریس ١٩٤٧ دراون بە یۆنان و بە یەک مەرج پێیدراوە. یۆنان ناتوانێت ئەو دوورگانە پڕچەک بکات، چونکە ئەو پەیماننامەیە ناوی 'پەیماننامەی ئاشتییە'، لەبەرئەوە یۆنان ناتوانێت چەکیان بۆ ببات''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە یۆنان پابەندبوونەکانی لەبارەی بەرپرسیارێتییەکانی بەجێ نەگەیاندووە و گوتی: ''ئەمە دژبە کێ دەکات؟ دژبە تورکیا ئەنجامیان دەدات. واتە: ئەوەی لە راستییدا ئاشتی ناخوازێت یۆنانە، چونکە رێککەوتنەکانی ئاشتی پێشێل دەکات. دوای ئەوەی ئێمە بەڵگە یاساییەکانمان رەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە تەماشا وەڵامەکانیان دەکەین، بەتەواوی سیاسییە و ناتوانێت بەڵگەی یاسایی بخاتەڕوو''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بە لێدوانی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کە گوتبووی شەوێک لە پڕێکدا، گوتی: ''یۆنان پابەندی رێککەوتنەکان نییە. ئێمە بێدەنگ نابین بەرامبەر ئەمانە. بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هەم لە رووی یاسایی و هەمیش لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەموو جۆرە رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر. با یۆنان ئەوە لەبیرنەکات، ئەم کارە دەرەنجامی خراپی دەبێت، ئەگەر ئاشتی نەخوازیت ئێمەش ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. شەوێک لە پڕێکدا''.