Abdullah Söylemez,Ayşe Nur Erdoğdu Bayram,Günay Nuh,Sidar Can Eren,Cüneyt Çelik,Hüseyin Demirci,Hilmi Tunahan Karakaya
07 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2022
ئەرزەڕۆم - AA
ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، قەرس، ئاگری و دێرسم بە بەفر داپۆشران و سەرما کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کرد.
ئێوارەی دوێنێ، بەفربارین لە شاری ئەرزەڕۆم باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا، دەستی پێ کرد و تا ئێوارە بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوام بوو و لە ئەنجامدا، ناوەندی شارەکە بە بەفر سپی بوو.
پلەکانی گەرما لە شەودا بۆ نزیکەی سێ پلەی ژێر سفر دابەزین و رێگاکانیش بەستیان.
هاووڵاتییان لە بەیانیدا، بەفری سەر ئۆتۆمبێلەکانیان راماڵی و منداڵانیش یاری تۆپەڵە بەفریان کرد.
لە ناوەندی خلیسکێنەی پالاندۆکەن، ئەستووری بەفر گەیشتە ١٩ سانتیمەتر.
هاووڵاتییەکی ئەرزەڕۆم بە ناوی یاوز بایرام بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەیانی کاتێک بەخەبەرهاتوون، بینیویانە هەموو شوێنێک بە بەفر داپۆشراوە و گوتیشی: "ماوەیەکی درێژ بوو بەفر نەدەباری لە کۆتاییدا بەفر باری. ئیدی شارەکەمان چوار-پێنج مانگ لەژێر بەفردا دەمێنێتەوە. وەک هەر وەرزێک، زستانیش جوانییەکی تایبەتی هەیە".
- لە بەرزاییەکانی ئەردەخان و ئاگری بەفر باری
شەپۆلێکی سەرما رووی لە بەرزاییەکانی پارێزگای ئەردەخان باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا کرد و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کرد، بەهۆی سەرماوە جامی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەستی.
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ئاگری رۆژهەڵاتی تورکیا، بەفر باری و بەهۆی ساردی هەواوە جامی ئۆتۆمبێلەکان بەستی و گوندەکانی ناوچەکەش بە بەفر سپیپۆش بوون.
- لە قەزاکانی سەربە پارێزگای دێرسم
بەفر قەزاکانی پولومور، نازمییە، هۆزات و ئۆڤاجکی سەربە پارێزگای دێرسم-ی سپیپۆش کرد و لە بەیانیدا هاووڵاتییان بەفری سەر ئۆتۆمبێلەکان و بەفری کەڵەکەبووی بەر ماڵەکانیان راماڵی.
کۆمەڵێک لە مەڕدارەکانیش هەوڵیاندا لە کێڵگە بە بەفرداپۆشراوەکاندا، مەڕ و بزنەکانیان بلەوەڕێنن.
تیمەکانی شارەوانیش بۆ رێگریکردن لە بەستی رێگاکان دەستیان بە راماڵینی بەفرە کەڵەکەبووەکان کرد.
- لە پارێزگای قەرس بەفر و تەم گرفتی بۆ شۆفێران دروست کرد
ماوەی دوو رۆژە بەفر بارین لە پارێزگای قەرس، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.
لە بەیانیدا بەهۆی بەفر و تەمەوە، شۆفێران ناچاربوون بە خێراییەکی کەم و بەوریایییەوە بە رێگاکاندا بڕۆن.
تیمەکانی شارەوانیش دەستیان بە راماڵینی بەفری سەر رێگاکان کرد.
لە ناوەندی خلیسکێنەی جەبەلتەپە لە قەزای ساریکامیش، ئەستووری بەفر گەیشتە ١٥ سانتیمەتر.