Sidar Can Eren
08 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2022
دێرسم - AA
گرووپێک لە شاخەوانان لە قەزای ئۆڤاجیک سەربە پارێزگای دێرسم، دیمەنی ئەو بزنە کێوییە شاخدارانەیان تۆمار کرد کە لەسەر لووتکە بە بەفرداپۆشراوەکانی زنجیرەی چیای مونزور دەژین.
گرووپەکە کە ژمارەیان هەشت ئەندام بوو، گەشتێکیان بۆ لووتکەی ران لە زنجیرە چیای مونزور رێکخست کە بەرزییەکەی سێ هەزار و ١٣٠ مەترە.
شاخەوانەکان بە سەرکەوتنیان بەسەر ئەو رێگایەی کە بە زیاتر لە نیو مەتر بەفر داپۆشرابوو، توانیان دوای نزیکەی شەش کاتژمێر و نیو بگەنە لووتکەکە.
شاخەوانەکان لە میانی گەشتەکەیاندا، دیمەنی ١٠ بزنی کێوی شاخداریان تۆمار کرد کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

بە کامێرا دیمەنی بزنە کێوییەکان لە میانی گەڕانیان بەدوای خواردندا تۆمار کرا.
شاخەوان حەسەن ئاکتوغ کە دیمەنی بزنەکانی تۆمارکردبوو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، زنجیرە چیای مونزور دەوڵەمەندە بە سروشت و گیانلەبەرە کێوییەکان.
حەسەن ئاکتوغ بە ئاماژەدان بەوەی کە سەردانی زۆرێک لە شاخەکانی پارێزگاکەی کردووە، گوتی: "لەکاتێکدا لەگەڵ هاوڕێ شاخەوانەکانمان سەردەکەوتین، ژمارەیەک بزنی کێویمان بینی کە بۆ تێرکردنی سکیان بەدوای خواردندا دەگەڕان".
ناوبراو رایگەیاند کە چێژ لە بینینی بزنەکان وەردەگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پارێزگاری لە گیانلەبەرە کێوییەکان بکرێت.
