Abdullah Shukur
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەبۆنەی رزگارکردنی مووسڵ لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش پیرۆزبایی لە حکوومەتی عێراق کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی وەزیرانی تورکیا وەرگیراون، یڵدرم لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ عەبادی، پیرۆزبایی لە حکوومەتی عێراقی بەبۆنەی رزگارکردنی شاری مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە.
راشیگەیاندووە کە تورکیا ئامادەیە پاڵپشتی لە دووبارە بونیاتنانەوەی شاری مووسڵ بکات.
یڵدرم جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا پێداگرە لە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بوارەکانی دیکە.
ھاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی جەختی ئامادەیی وڵاتەکەی لە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ تورکیا کردووەتەوە، ھاوکات باسی لە ھەڵوێستی حکوومەتەکەی لەبارەی پێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.
راشگەیەندرا کە گفتوگۆیەکە زۆر بە ئەرێنی بەڕێوەچووە و ھەردوولا ئاڵوگۆڕی زانیارییان لەبارەی پێشھاتەکانی ناوچەکە کردووە.