Abdullah Shukur
21 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە دەستکەوتوون، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و ترەمپ باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دواپێشھاتەکانی سووریا کراوە.
هەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان سەرەخۆشی خۆی بە ترەمپ راگەیاندووە بەھۆی گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە لە ھێرشە تیرۆریستییەکەی ھەفتەی رابردوو لە منبج گیانیان لەدەستدابوو، راشیگەیاندووە کە ئەو کردارە بریتی بووە لە کارێکی تێکدەرانە لە بەرامبەر بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا.
ئەردۆغان جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدات ئامادەیە ئاسایشی منبج بگرێتە دەست و رێگا بە کارەکانی پەکەکە و درێژکراوەی پەکەکە لە سووریا بە ناسەقامگیرکردنی باکووری رۆژھەڵات نەدات.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ھەردوو سەرۆک (ئەردۆغان و ترەمپ) رێککەوتن لەسەر لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش بە ھاوبەشی و گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی کە رێگری لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش دەکەن.
ئەردۆغان و ترەمپ ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پرسی راوێژکاریی نێوان ھەردوو سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ئەمریکا لەسەر بابەتی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام خێراتر بکرێت و قەبارەی بازرگانی لە نێوان ھەردوو وڵات زیاتر بکرێت.