Coşkun Ergül
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
نوێنەری ئیستانبوڵ لە پەرلەمانی توركیا سەربە ئاكپارتی، مەتین كولونك رایگەیاند: ''هەموو هاووڵاتییان و لەسەرووی هەمووشیانەوە هاووڵاتییانی كورد، باجارێكی دیكە باسی مێزی گفتوگۆ نەكەن و ئاماژەی بەوە كرد كە ژمارەیەك لە گۆشەنووسەكان، ئەو عەقڵەی لەپشتی رووداوەكانی پاركی گەزی و قۆناغی ١٧-٢٥ی كانوونی یەكەمەوە بوو، دەیەوێت دووبارە پرۆسەی چارەسەریی دەستپێبكاتەوە بۆ ئەوەی پەكەكە هەناسەیەك هەڵمژێ و بژیەتەوە".
كولونك كە هەفتەی رابردوو، لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆك دەستە و وەقفەكاندا سەردانی شاری دیاربەكری كرد لەبارەی سەردانەكە و بەرەنگاربووەنەوەی پەكەكە و چۆنێتیی سەرخستنی ئەو بەرەنگارییە، وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی توركیا سەربە ئاكپارتی رایگەیاند كە پەكەكە بە هاووڵاتییانی ناوچەكەی راگەیاندووە 'چیتر دەوڵەت بوونی نییە، من لێرەم و ئیتر من كێشە لۆكاڵی و ناوەندییەكانتان بۆ چارەسەر دەكەم' و گوتی: ''پێویستە خوێندنەوەیەكی درووست بۆ حەوتی حوزەیران بكەین. یەكێ لە گرنگترین هۆكارەكانی ئەنجامەكانی حەوتی حوزەیران، درووستبوونی ئەو وێنەیە بوو كە رێكخراوی تیرۆریستیی و باڵە سیاسییەكەی هێزیان بەدەستەوەیە. هاووڵاتییان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانیان دەستیان بە رووكردنە ئەوان كرد. دەوڵەت هیچ چارەكەی دیكەی نەبوو بێجگە لە دەستوەردان لە دۆخەكە، لەم وڵاتەدا تەنها یەك هێز هەیە، ئەویش ئەنقەرەیە''.
مەتین كولونك ئاماژەی بەوە كرد كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بووە هۆی ئەوەی پەكەكە و باڵە سیاسییەكەی لە سنووری خۆیان دەربچن و گوتی: ''وای لێهات گەیشتە ئاستی بوغرابوون، وایان دەزانی چی دەبێت؟ بە بیانووی ئەوەی 'هێز لەلای ئەوانە' ویستیان پێكهاتەی یەكگرتووی توركیا، یەكێتیی و پێكەوەژیان تێكبدەن. ویستیان هاوكێشەكانی كۆبانێ بێننە نێو وڵاتەوە. كە ئەمەیان دەكرد، ئامانجیان ئەوەبوو 'ئەو كەسانەی كە لە حەوتی حوزەیراندا دەنگیان داوینەتێ، لەگەڵ ئێمەدا دەرژێنە سەر شەقام، بەو شێوەیەش یاخیبوونی گەل دەستپێدەكات'. بەلەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وایان زانی كە گەل پشتیوانییان دەكات. بەڵام ئەمانە نەزانن، لەو شتانە سەر دەرناكەن، لەبەر ئەوەی عەقڵیان بەدەست خۆیانەوە نییە''.
كولونك جەختی لەوەكردەوە كە هەڵوێستی سەركۆماری توركیا سەبارەت بە گفتوگۆكانی دۆڵماباخچە، یەكێكە لە گرنگترین هەنگاوەكانی مێژووی دەوڵەت و گوتی:"ئەمە بە مانای ئەوە دێت ئەردۆغان پیاوی دەوڵەتە. لەوكاتەوە پەكەكە، لەگەڵ هەڵوەشانەوەی گفتوگۆكاندا، شڵەژا. وەك ئارگومێنتیش تەنها چەكی بەدەستەوە مایەوە. بەڵام دانیشتوانی ئەوێ، دوای ئەوەی خۆڕاگریی دەوڵەتیان بینی، دووبارە لەگەڵ دەوڵەتدا ئاوێتەبوونەوە''.
راشیگەیاند''هەموو هاووڵاتییان و لەسەرووی هەمووشیانەوە هاووڵاتییانی كورد، باجارێكی دیكە باسی مێزی گفتوگۆ نەكەن. ژمارەیەك لە گۆشەنووسەكان، ئەو عەقڵەی لەپشتی رووداوەكانی پاركی گەزی و قۆناغی ١٧-٢٥ی كانوونی یەكەمەوە بوو، دەیەوێت دووبارە پرۆسەی چارەسەریی دەستپێبكاتەوە بۆ ئەوەی پەكەكە هەناسەیەك هەڵمژێ و بژیەتەوە. پەكەكە لە ئێستادا توانای هەناسەدانی نەماوە. هۆكاری ئەوەی دەیانەوێت رۆح بكەنەوە بەبەری پەكەكەدا ئەوەیە، توركیا لە خەباتی مەزنی خۆیدا لە چارەكە سەدەی داهاتوودا، ئەمە گەورەترین ئامڕازە لەدژی بەكاری بهێنن. لەبەر ئەوە نایانەوێت ئەم ئامرازەیان لەدەستبچێت. لەدەستدانی پشتیوانی گەل و لەپاڵیشیدا سووربوونی دەوڵەت لەسەر لەناوبردنی پەكەكە، وادەكات ئەو عەقڵەی لەپشتییەوەیە هەوڵی پارێزگاری كردن لێی بدات. لەبەر ئەوەی ئامرازەكەی دەستیان خەریكە لەناودەچێت، دەیانوێت باسی گفتوگۆ و چارەسەر جارێكی دیكە سەرهەڵبداتەوە. بەڵام گەل ئەمەی ناوێت''.