Serkan Avci,Mustafa Ünal Uysal
18 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2022
مێرسین – AA
جامی یارییە سیانییەکانی ئەورووپا کە لەلایەن یەکێتی یارییە سیانییەکانی ئەورووپاوە لە پارێزگای مێرسین لە باشووری تورکیا رێکخرابوو، دوای رۆژی دووەمی پێشبڕکێکانی کۆتایی ھات.
پێشبڕکێکانی رۆژی دووەمی پاڵەوانێتییەکە کە بەپاڵپشتیی یەکێتی یارییە سیانییەکانی تورکیا (TTF) و مێواندارێتی شارەوانی یەنیشەھیر لە مێرسین و بە بەشداری ٦٠٠ وەرزشوان لە ٢٧ وڵاتەوە لە شاڕێی عەدنان مەندەرێس و کۆرنیش بەڕێوەچوو.
سەرۆکی یەکێتی یارییە سیانییەکانی تورکیا (TTF)، بایرام یاڵچنکایا-ش لە نێوە وەرزشوانەکاندا بوو لە دوای مەلەکردنیان لە دەریا، لە کۆرنیش پاسکیلیان لێخوری و پاشانیش دەستیان بە راکردن کرد.
ئەنجامی پێشبرکێکان لە کاتاگۆریی گەورانی پیاوان وەرزشوانی مەغریبی جەواد عەبدولموعەللا بە تۆمارکردنی ٥١ خولەک و ١٠ چرکە مەدالیای زێری بەدەستھێنا.

وەرزشوانی ھەنگاری سزۆنگۆر لێھمان بە جیاوازی دوو چرکە لە دوای عەبدولموعوللا-وە ھات و پلەی دووەمی بەدەستھێنا. وەرزشوانی ئەڵمانی، ھێنری کارف کێبڕکێکەی بە ٥١ خولەک و ١٤ چرکە تەواو کرد و بووە خاوەنی پلەی سێیەم.
ھاوکات لە کاتاگۆریی گەورانی خانمان وەرزشوانی ئەڵمانی تانژا نیوبێرت بە تۆمارکردنی ٥٧ خولەک و ٢٧ چرکە مەدالیای زێری بەدەستھێنا.
وەزرشوانی سویسری نۆرا گمرو بە جیاوازی دوو چرکە لە پاش نیوبێرت ھات و پلەی دووەمی بەدەستھێنا و وەرزشوانی پۆڵەندی رۆکسانا سلوپێک بە ٥٧ خولەک و ٣١ چرکە بە پلەی سێیەم پێشبرکێکەی تەواو کرد.