توركيا

٨٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا تێپەڕی

ئەمڕۆ ٨٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردەی مەزن، غازی مستەفا کەمال ئەتاتورک تێدەپەڕێت، کە بە ئاگری خەباتی نیشتمانیی هیوای لەناوچووی گەلێکی هەستاندەوە و ئانادۆڵوی کردە نیشتمان و کۆماری تورکیای دامەزراند، کە ئەمڕۆ تەمەنی ١٠٢ ساڵە.

Yasemin Kalyoncuoğlu  | 10.11.2025 - نوێکردنەوە : 11.11.2025
٨٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا تێپەڕی

Ankara

ئەنقەرە – AA

چەند خولەکێک بەر لەوەی خامۆشییەکی ناکۆتا باڵ بکێشێت بەسەر ڕێڕەوەکانی کۆشکی دۆڵمەباهچەدا، گوتەکانی "سەیر بکە، مێژوویەک کۆچ دەکات..." دەنگی دەدایەوە، ئەم رۆژە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ بوو و کاتیش کاتژمێر ٠٩:٠٥.

٨٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی و چاو لێکنانی یەکجارەکی ڕابەری مەزن، مستەفا کەمال ئەتاتورک کە گەلێکی لە دیلێتی رزگار کرد و وەک "کاراکتەری ئازادی و سەربەخۆیی" لەقەڵەم دراوە.

ئەتاتورک لە ١٨٨١ لە سێلانیک لە دایک بووە، یەکەم قۆناغی خوێندنی لە قوتابخانەی گەڕەکی حافز مەهمەت ئەفەندی دەست پێ کردووە و، قۆناغی سەرەتاییشی لە قوتابخانەی شەمسی ئەفەندی خوێندووە.

مستەفا ئەتاتورک کە لەسەر ویستی خۆی وازی لە قوتابخانەی ناوەندی مولکییەی سێلانیک هێناوە کە بە مەبەستی خوێندنی قۆناغی ناوەندی ڕووی لەوێ کردبوو، لە قوتابخانەی ناوەندی سەربازیی سێلانیک بەردەوامی بە خوێندن دا، عەریف مستەفا ئەفەندی کە لەم قوتابخانەیەدا مامۆستای بیرکاری بوو بۆ جیاکردنەوەی ئەتاتورک لەو کەسانەی دیکە کە ناویان مستەفایە ناوی دووەم بە ئەتاتورک دەبەخشێ کە "کەمال"ە و بە واتای خاوەن توانای بەرز دێت.

ئەتاتورک دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ناوەندی سەربازیی سێلانیک بە پلەی دووەم لە فەرمانگەی سەربازیی ماناستر دەردەچێت، ئەتاتورک کە جگە لە فێربوونی سەربازیی، هەروەها سەرقاڵ دەبێت بە فێربوونی زمانی بیانییش لە هاویناندا لە سێلانیک دەست دەکات بە فێربوونی زمانی فەڕەنسی.

دواتر ئەتاتورک دەچێتە ئیستانبوڵ لە ١٨٩٩ و قوتابخانەی جەنگیی لە ١٩٠٢ بە پلەی مولازم تەواو دەکات، هەروەها لە ئەکادیمیای جەنگییش لە ١٩٠٥ بە پلەی نەقیب دەردەچێت.

دوای ١٧ڕۆژ لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە شەشی نیسانی ١٩٢٠ لەسەر ڕاسپاردەی ئەتاتورک ئاژانسی ئانادۆڵو دادەمەزرێندرێت، ئاژانسی ئانادۆڵو کە بە مەبەستی "گەیاندنی دەنگی تورکیا بە جیهان" دامەزرێندرا، یەکەمین ئەو یاسایانەی بڵاو کردەوە کە لە پەرلەمان دەرچوون و بووە گەواهیدەری تەواوی قۆناغەکانی خەباتی نیشتمانیی و جەنگی رزگاریخوازیی.

دوای شەڕی رزگاریخوازیی، کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ لەلایەن پەرلەمانی تورکیا راگەیەندرا و، مستەفا کەمال ئەتاتورک بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا، ئەتاتورک کە چوار جار لەسەریەک بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا لە مێژووی کۆماری تورکیادا درێژترین ماوە لە پۆستی سەرکۆمار ماوەتەوە.

غازی مستەفا کەمال لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٣٤ بە یاسای ژمارە ٢٥٨٧ پاشناوی "ئەتاتورک"ی پێبەخشرا و بەکارهێنانی ئەم پاشناوە لەلایەن کەسانی دیکەوە قەدەغە کرا.

مستەفا کەمال ئەتاتورک کە بە لێهاتوویی سەربازیی و سیاسیی خۆی ناوی لە مێژووی تورکیا و جیهاندا نووسیوە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ ساڵیدا کاتژمێر ٠٩:٠٥ لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە کۆشکی دۆلمەباخچە کۆچی دوایی کرد.

لە ١٦ی تشرینی دووەم تەرمی ئەتاتورک لە هۆڵی مەراسیمی کۆشکی دۆلماباخچە خرایە سەر سەکۆی دارتەرم.

سێ رۆژ دواتر و لە ١٩ی تشرینی دووەمی تەرمی ئەتاتورک کە لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە ماڵئاوایی لێکرا ڕەوانەی ئیزمیت کرا، دواتر ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەو شەمەندەفەرەی کە بۆ هەموو گەشتەکانی وڵاتەکەی بەکاری دەهێنا، ڕەوانەی ئەنقەرە کرا.

تەرمەکە کە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی لە ئەنقەرە لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە پێشوازی لێکرا لە بەردەم پەرلەمانی تورکیا خرایە سەر سەکۆ. تەرمی ئەتاتورک کە لە مۆزەخانەی ئێتنۆگرافی ئەنقەرە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ لە مەڕاسیمێکی گەورەدا بەخاک سپێردرابوو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٣ گواسترایەوە بۆ مەنزڵگەی هەمیشەیی خۆی کە مەزاری یادەوەری (ئانتکابیر)ە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın