Ferdi Türkten
10 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە – AA
لە ٨٤ەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا رابەری مەزن، مستەفا کەمال ئەتاتورک رێوڕەسمی دەوڵەت لەسەر مەزارەکەی بەڕێوە چوو.
لە میانی رێوڕەسمەکەدا کاتژمێر ٠٨:٥٠، گەورە بەرپرسان بە رێگای ئاسڵانڵیدا بەپێ رۆیشتن.
رێوڕەسمەکە بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شەنتۆپ؛ جێگری سەرکۆمار، فوئاد ئۆکتای؛ ئەندامانی کابینەی سەرکۆمار؛ سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو؛ سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەولەت باخچەلی؛ سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، مەڕاڵ ئاکشەنەر؛ سەرۆکی دامەزراوە باڵاکانی دادوەریی؛ فەرماندەکانی هێزەکان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و بیرۆکراتان و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەت بەڕێوە چوو.
ئەردۆغان تاجەگوڵینەی مانگ و ئەستێرە کە لە مێخەکی سوور و سپی دروست کرابوو لەسەر گڵکۆی ئەتاتورک دانا.
ئامادەبووان کاتژمێر ٠٩:٠٥ کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو کاتەی ٨٤ ساڵ لەمەوبەر ئەتاتورک کۆچی دوایی کرد وەک رێزگرتنێک لە گیانی ئەتاتورک بەپێوە وەستان و مارشی ئیستیقلال لێ درا.
لە کاتی وەستان وەک رێزلێنان ئاڵای تورکیا بۆ نیوە هێندرایە خوارەوە و دواتر سەرکۆمار ئەردۆغان و ئەوانەی ناویان لە پرۆتۆکۆلدا هەبوو چوونە تاوەری میساقی میللی.
ئەردۆغان لەوێ واژووی لەسەر پەڕاوی تایبەتی مەزاری ئەتاتورک کرد و لێی نووسی: "ئەتاتورکی ئازیز لە ٨٤ەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دواییتدا بەڕێزەوە یادی کەسایەتی باڵای ئێوە، هاوسەنگەرە قارەمانەکانتان و ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە بە گیانی خۆیان داکۆکییان لە سەربەخۆییمان کرد. ئەو کۆماری تورکیایەی کە دەتگوت 'گەورەترین بەرهەم'مە ئێستا بە ٨٥ ملیۆن کەسەوە بە دیدگای 'سەدەی تورکیا' ئێستا بە بەهێزتر لە جاران و متمانەکردنی زیاتر بە خۆی، خۆی بۆ داهاتوو ئامادە دەکات. تاکوو خەونی سەدەی گەلەکەمان بەدی نەهێنین، راناوەستین. بەرامبەر هێرشەکان چۆک دانادەین و بە پێداگیرانە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان".
بەهۆی رێوڕەسمەکەوە رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە دەوروبەری مەزاری ئەتاتورک گیرایە بەر. دوای رێوڕەسمەکە مەزاری ئەتاتورک بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە.